رووداو دیجیتاڵ
سەرۆککۆماری عێراق و سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کۆدەبنەوە و پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیش یەکێکە لە مژارە سەرەکییەکانی کۆبوونەوەکە.
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بڵاویکردەوە، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق، رۆژی شەممە 14-06-2025، لە بەغدا پێشوازی لە دادوەر جاسم محەممەد عەبوود ئەلعەمێری، سەرۆکی دادگای باڵای فیدراڵی کرد.
وەک لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی کۆماری عێراقدا هاتووە: "لە دیدارەکەدا تاوتوێی رێگەکانی بەردەوامیدان بە هاوئاهەنگی و هاوکاریی هاوبەشی نێوان سەرۆکایەتیی کۆمار و دادگای باڵای فیدراڵی کرا بۆ گەیشتن بە تەواوکاری لەنێوان دەسەڵاتەکان و بەهێزکردنی سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری کە بە گەرەنتیی چارەسەرکردنی هەموو ناکۆکییەکان دادەنرێت".
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق دەڵێت: "سەرۆککۆمار جەختی لە پێویستیی دۆزینەوەی چارەسەرێکی کۆتایی بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکانی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و یەکلاییکردنەوەی ئەم دۆسیە مرۆییە کردەوە، بەپێی دەستوور و یاسا و بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی".
لای خۆیەوە دادوەر جاسم ئەلعەمێری جەختی لەوە کردەوە، دادگای فیدراڵی ئەرکەکانی بەپێی دەستوور و یاسا جێبەجێ دەکات، بە شێوەیەک کە بەرژەوەندی و مافەکانی گەل مسۆگەر بکات و یەکڕیزیی نیشتمانی پتەوتر بکات؛ هەروەها دووپاتیکردەوە کە "پێویستە قەیرانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا چارەسەر بکرێت".
کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان خەرج نەکراوە.
چرۆ حەمەشەریف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، رۆژی یەکشەممە 15ی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پێنج دادوەری دادگەی باڵای فیدراڵی لە حەج بوون کە یەکێکیان سەرۆکی دادگەکە بوو، سەرۆک و دوو دادوەر گەڕاونەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا دوو دادوەر نەگەڕاونەتەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، تاوەکو ئەو دوو دادوەرەش نەگەڕێنەوە، دانیشتنی دادگە ناکرێت.
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە کە دەڵێت ئەمڕۆ بۆ دواداچوونی ئەو بابەتە قسەی لەگەڵ یەکێک لە ئەندامانی دادگە کردووە، دادوەرەکە پێی گوتوە ئەگەر ئەو ئەندامانە بگەڕێنەوە، ئەوا سبەی دانیشتنەکە دەکرێت، ئەگەرنا دەکەوێتە رۆژانی داهاتوو.
دادگەی فیدراڵی 9 دادوەری سەرەکی هەیە. بەگوێرەی پەیڕەوی نێوخۆی دادگەی فیدراڵی، پێویستە هەر 9 دادوەرەکە ئامادەبن بۆ بڕیاردان لەسەر هەر داواکاری و سکاڵایەک.
دوای چەندان مانگ دادبینی لە داواكانی ژمارە 224 و 269ی ساڵی 2023 ، دادگەی فیدراڵی لە 21ی شوباتی 2024 بڕیاری كۆتایی لە دۆسیەی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان دا.
دیارترینی بڕیارەكە پابەندکردنى سەرۆکوەزیرانى عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە "بەبانکیکردن"ـى مووچەى فەرمانبەران و خانەنشینان و سوودمەندانى تۆڕى پاراستنى کۆمەڵایەتیى هەرێمی کوردستان لە رێگەى بانکە حکومییە فیدراڵییەکانى دەرەوەى هەرێمی کوردستانەوە. ئەم مووچەیەیش لە پشکى هەرێمى کوردستان لە بودجەی فیدراڵی دەبڕدرێت. دادگە میكانیزمی دابەشكردنی مووچەیشی فرەچەشن كردووە بۆ دەروازەکانى پارەدارکردن لە هەرێمى کوردستان، یان ئەو بانکانەی لە كوردستانن و لەلایەن بانکى ناوەندییەوە مۆڵەتیان هەیە.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، رۆژی یەکشەممە 15ی حوزەیرانی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوو بابەت لەبەردەم دادگەی باڵای فیدراڵییە. یەکەم، وەڵامدانەوەی نووسراوی وەزارەتی دارایی بۆ روونکردنەوە لەبارەی بڕیاری ژمارە 244 لە 21ی شوباتی 2024 کە لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانەوە داویەتی. دووەم، سکاڵای فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق بە راگرتنی مووچەی فەرمانبەران و دەرکردنی فەرمانسالاری بۆ گرتنی ئەو بڕیارەی وەزارەتی دارایی".
سۆران عومەر، سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵی دادگەی لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دادگە بڕوای بەوەهێناوە کە فەرمان سالاری دەربکات بۆ بەردەوامیی ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان".
28-05-2025 تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق نووسراوێکی ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد و تێیدا هاتبوو: "وەزارەت ناتوانێت لە ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت، بەهۆی تێپەڕاندنی پشکەکەی (12.67%) کە لە یاسای بودجەی فیدراڵیدا دیاریکراوە."
رۆژی 29-05-2025 وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بە زمانی عەرەبی وەک وەڵامێک بۆ تەیف سامی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: "ئەو رێڕەوەی وەزارەتەکەتان گرتوویەتیەبەر لە دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان، پێچەوانەی دەستووری عێراقە؛ دیاریکردنی پشکی هەرێمی کوردستان دەبێت پشت بە داهاتە فیدراڵییە کۆکراوەکان ببەستێت نەک خەرجی کردەیی."
رۆژی یەکشەممە، یەکی حوزەیرانی 2025، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە دادگەکە سکاڵایان تۆمارکرد. داوای بەردەوامبوونی خەرجکردنی مووچەیان لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی دادگەی فیدراڵی، فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە سکاڵاکەدا داوایان کردووە، دادگە فەرمان سالارییەک دەربکات و وەزارەتی دارایی فیدراڵی پابەند بکات بە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارەی دادگەی فیدراڵی کە تێیدا هەریەک لە سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیران هەرێمی کوردستان پابەند دەکات مووچەی سەرجەم کارمەندان بەجێ (تەوتین) بکەن.
سکاڵاکە لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق بە ژمارە (104/ فیدراڵی/2025) تۆمارکراوە.
دادگەی فیدراڵی بۆ دەرکردنی فەرمان سالاری پشت بە بڕیاری دادگەی فیدراڵی بە ژمارە 224 و یەکخراو بە ژمارە 269ـی فیدراڵی 2023 لە 21-2-2024 دەبەستێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ