رووداو دیجیتاڵ
کەتائیبی حیزبوڵڵای عێراق دەڵێت، ئێران خۆی دەتوانێ ئەم جەنگە بکات کە ئیسرائیل دەستی پێکردووە و پێویستی بە هیچ لایەنێکی دیکە نییە لەبواری سەربازییەوە پشتیوانی لێ بکات.
ئەبو حوسێن حمێداوی، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵڵای عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە 15-6-2025 راگەیێندراوێکی لەبارەی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران بڵاوکردەوە و لە بەشێکیدا دەڵێت، لە نزیکەوە چاودێریی جموجووڵی ئەمریکا دەکەن؛ ئاماژە بەوەش دەکات کە "ئەگەر ئەمریکا دەستوەردان بکات، ئەوا بێ دوو دڵی هێرش دەکەینە سەر بەرژەوەندی و بنکەکانی لە ناوچەکەدا".
ئەبو حوسێن حمێداوی ئاماژە بەوەش دەکات، پێویستە حکومەتی عێراق باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا دابخات و هێزەکانی ئەمریکاش بکاتە دەرەوە.
دەقی راگەیێندراوەکەی کەتائیبی حیزبوڵڵا:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
کۆماری ئیسلامی بۆ بەرپەرچدانەوەی قەوارەی زایۆنیی تاوانکار، پێویستی بە هیچ پشتیوانییەکی سەربازیی هیچ لایەنێک نییە، چونکە خاوەنی ئەو کەس و توانایانەیە کە بەسە بۆ ئەوەی لووتی نەتەنیاهوو بشکێنێت و کۆنترۆڵی ستەمکاریی ئەم قەوارە داگیرکەرە بکات.
لە کاتێکدا کە ئێران بە ئازایەتی و خۆڕاگرییەوە رووبەڕووی دەستدرێژیی زایۆنییەکان دەبێتەوە، ئێمە لە نزیکەوە چاودێریی جووڵەکانی سوپای دووژمنی ئەمریکی دەکەین لە ناوچەکە و ئەگەر ئەمریکا دەستوەردان بکاتە نێو شەڕەکەوە، ئەوا بە شێوەیەکی راستەوخۆ و بێ دوودڵی هێرش دەکەینە سەر بەرژەوەندی و بنکەکانی لە ناوچەکەدا.
بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستا، ئەرکە لەسەر حکومەتی عێراق، برایان لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی و دڵسۆزانی نێو دەسەڵاتداران کە بەرپرسیاریێتی هەڵبگرن و هەڵوێستێکی ئازایانە وەربگرن بۆ ئەوەی بازنەی شەڕ فراوانتر نەبێت، ئەویش بە داخستنی باڵیۆزخانەی خراپەی هەرە گەورە و دەرکردنی هێزە داگیرکەرەکانی ئەمریکا لە وڵات، چونکە ئەوان روونترین و مەترسیدارترین هەڕەشەن بۆ سەر ئاسایشی عێراق و سەقامگیریی ناوچەکە.
کەتائیبی حیزبوڵڵا
ئەمینداری گشتی، ئەبو حوسێن حەمیداوی
19ـی زیلحیججەی 1446ـی کۆچی
15ـی حوزەیرانی 2025ـی زایینی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ