رووداو دیجیتاڵ
عەبدولڕەحمان جەزائیری، سەرکردە لە حەشد لە وەزارەتی بەرگریی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی حوزەیرانی 2025، لە کاتی بەشداریکردنی لە نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند، عێراق بە ئەستەم دەتوانێ خۆی لەو جەنگە بەدوور بگرێت کە لەنێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئیسرائیل هەڵگیرساوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمریکا هەڕەشەی لە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی کردووە.
پەیوەندیی ستراتیژی لەگەڵ ئێران
عەبدولڕەحمان جەزائیری گوتی، دوو هۆکاری سەرەکی وایان کردووە کە عێراق بەشێک بێت لەو دۆخەی ئێستا هەیە و رایگەیاند: "یەکەمیان، ئەو پەیوەندییە ستراتیژییە قووڵەیە لەسەر بنەمای بیروباوەڕ لەنێوان عێراق و ئێران هەیە، بەتایبەتی لەڕووی پەیوەندیی تائیفی و کۆمەڵایەتییەوە لە ناوچەکانی فوراتی نێوەڕاست و باشوور، جگە لە بەیەکەوەبەسترانەوەی جوگرافی، سنووری و ئابووری".
عەبدولڕەحمان جەزائیری گوتی هۆکارە دووەمیان بریتییە لەو "پشتیوانییە چارەنووسسازەی کۆماری ئیسلامی لە شەڕی دژی داعش پێشکێشی عێراقی کرد، کاتێک بە راوێژکار و چەک هاوکاری کردین. ئەم دوو هۆکارە وادەکەن عێراق نەتوانێت لە گۆڕەپانی جەنگەکەدا بێلایەن بمێنێتەوە."
ئاسمانی عێراق کۆنترۆڵکراوە و بەغدا تەنیا زمانی دیپلۆماسی هەیە
ئەو سەرکردەیەی حەشد ئاماژەی بەوەش کرد، بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق لەلایەن فڕۆکە ئیسرائیلییەکانەوە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، نیگەرانی و بێزارییەکی زۆری لای ئێران و هێزەکانی ناوخۆی عێراق دروست کردووە.
عەبدولڕەحمان جەزائیری رایگەیاند: "تەواوی ئاسمانی عێراق بەپێی بڕیارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەژێر کۆنترۆڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادایە. ئەمەش پێشێلکارییەکی ئاشکرای سەروەریی عێراق و یاسا نێودەوڵەتییەکانە."
ئەوسەرکردەیەی حەشد دانی بە بێتوانایی سەربازیی عێراقدا بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەزاندنی سنووری ئاسمان نا و گوتی: "عێراق نە سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پێشکەوتووی هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی فڕۆکەکانی قەوارەی زایۆنی، نە چەکی پێویستیشی لە وەزارەتی بەرگری هەیە. بۆیە تاکە کارتی دەستی حکومەتی عێراق، زمانی دیپلۆماسییە. ئێمە تەنیا دەتوانین لە رێگەی دیپلۆماسییەوە قسە بکەین."
هەڕەشەی روون لەسەر حەشدی شەعبی و داواکاری بۆ دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، عەبدولرەحمان جەزائیری دانی بەوەدا نا کە هەڕەشەیەکی روون لەلایەن ئەمریکاوە هەیە و گوتی: "نایشارمەوە، مەترسی و هەڕەشەی روون لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە ئاراستە کراوە کە ئەگەر حەشدی شەعبی یان گرووپە چەکدارەکان دەستوەردان بکەن، ئەوا رەنگە لەلایەن فڕۆکەکانی ئیسرائیل یان ئەمریکاوە بکرێنە ئامانج."
ئەو سەرکردەیەی حەشد ئاشکرای کرد کە بنکەکانی حەشدی شەعبی پارێزراو نین و مەترسی لەسەر سەرکردەکانیان هەیە، چونکە ئاسمانی عێراق کۆنترۆڵکراو نییە؛ هەروەها جەختی کردەوە کە "بەرەی بەرگریی ئیسلامی لە عێراق" هەڵوێستی خۆی راگەیاندووە و "لە یەکەم راگەیێندراودا داوای کردووە کە باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق دابخرێت و بنکە سەربازییەکانیان دەستبەجێ چۆڵ بکرێن و لە وڵات دەربچن."
"هیچ راگەیێندراوێکی فەرمی موقاوەمە نییە کە بچێتە نێو جەنگەوە"
عەبدولڕەحمان جەزائیری راشیگەیاند، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان پەیامی ناردووە کە عێراق نایەوێت بچێتە نێو ئەو جەنگەوە، بەڵکو دەیەوێت بە گفتوگۆ و دیالۆگ رۆڵی ئەرێنی بگێڕن.
ئەو سەرکردەیەی حەشد گوتی، لێرەدا دوو هێز هەن. یەکەم، "حەشدی شەعبی سەر بە فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانە و دەبێت پابەندی بڕیارەکانی بێت و بەبێ فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان ناتوانێت هیچ بکات و لە بنکەکانییەوە جموجووڵ بکات. هەرچی گروپە چەکدارەکانن کە پێیان دەگوترێت موقاوەمەی ئیسلامی لە رووی بیروباوەڕوە گرێدراون بە ئێران ، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ئاماژەیە نییە کە ئەمانە پەلاماری بنکەکانی ئەمریکا بدەن یان جەنگ لە عێراق بەرپا بکەن و عێراق بەشداری لەو جەنگە بکات. ئەوەی هەیە تەنیا هەڕەشەکردنە، هیچ راگەیێندراوێکی فەرمی موقاوەمە نییە کە دەستوەردان بکات و بچێتە نێو جەنگەوە".
دەقی قسەکانی عەبدولڕەحمان جەزائیری:
رووداو: پێتان وایە عێراق خۆی لەو جەنگە بەدوور بگرێت کە لە ناوچەکە و بەتایبەت ئەوەی لەنێوان ئیسرائیل و ئێران هەیە؟
عەبدولڕەحمان جەزائیری: ئەمڕۆ جەنگێکی گەورە لەنێوان دوو وڵات، کۆماری ئیسلامیی ئێران و قەوارەی زایۆنیی ئیسرائیل هەیە. جەنگەکە رەهەندی خۆی هەیە. هەوڵدەدرێت عێراق بکرێتە بەشێک لەو جەنگە، بەو پێیەی هێزی هاوپەیمانان و بنکەی ئەمریکا لە عێراق هەن. پەیامەکە روونە کە عێراق لەو جەنگە بەدوور نابێت، ئەوەش بۆ دوو هۆکاری سەرەکی دەگەڕێتەوە. هۆکاری یەکەم: عێراق و ئێران پەیوەندییەکی ستراتیژییان هەیە کە لەسەر بنەمای بیروباوەڕ بنیادنراوە. تائیفەیەکی گەورە لە فوراتی ناوەڕاست و باشووری عێراق و تەنانەت سیاسییەکانی عێراقیش پەیوەندییان [لەگەڵ ئێران] هەیە، بۆیە بەیەکەوە گرێدانی جوگرافیا، سنوور و ئابووری هەیە. هەموو ئەمانە وادەکەن عێراق لە گۆڕەپانی جەنگ بەدوور نەبێت، کە لەڕووی جوگرافییەوە هاوسنوورە لەگەڵ ئێران. هەروەها بابەتی دووەم: لە شەڕی داعشدا، کۆماری ئیسلامی ڕاوێژکار و چەکی دایە کۆماری عێراق بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هێرشی داعش، بۆیە پەیوەندی و بەیەکەوەبەستنەوە لەنێوان هەردوولادا هەیە. لەبەرامبەردا، ئەمریکا لە عێراق هەیە و بنکەی سەربازیی هەیە. شەوی ڕابردوو گرووپە چەکدارەکان هەڕەشەیان کرد، کە دەبێت باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق دابخرێت و نابێت هێرش بکرێتە سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران. بۆیە عێراق لە جەنگ جیا نابێتەوە.
رووداو: وەزارەتی دەرەوەی ئێران گلەیی لە عێراق کردووە بەوەی نەیتوانیوە ئاسمانی خۆی بەڕووی مووشەک و فڕۆکەکانی ئیسرائیلدا دابخات، چۆن لەو گلەییە دەڕوانن؟
عەبدولڕەحمان جەزائیری: هەموو ئاسمانی عێراق لە کۆنترۆڵی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادایە، ئەوەش بەگوێرەی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکانە. وەزارەتی دەرەوەی عێراق، بەشێوەیەکی سەربازی مامەڵە لەگەڵ ئەو بابەتە ناکات، بەڵکو بە گوتارێکی سیاسی و بەرنامە مامەڵە دەکات. ناڕەزایی و بێزارییەکی زۆر هەیە کە فڕۆکەکانی ئیسرائیل بە ئاسمانی عێراقدا دەڕۆن بۆ هێرشکردنە سەر ئێران. لەڕووی نێودەوڵەتییەوە ئەمە پێشێلکارییە. تێپەڕبوونی ئەو فڕۆکانە، ئێرانییەکانی بێزار و نیگەران کردووە کە دەچن لە وڵاتێکی دراوسێ دەدەن. ئەمەش لە ڕاگەیێندراوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ڕوونی هاتبوو، تەنانەت لەڕێگەی پەیامەکانیشەوە ئەمە گەیشتووە. عێراقیش هیچ توانایەکی بەرگریی نییە؛ سیستمی بەرگریی ئاسمانیی نییە بۆ بەرپەرچدانەوەی فڕۆکەکانی قەوارەی زایۆنی. هەروەها چەکی پێشکەوتووشی نییە لە وەزارەتی بەرگری و وەزارەتەکانی دیکە، یان سیستمی سەربازیی نییە بۆ چارەسەرکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو بابەتە. ئێمە تەنیا لەڕووی دیپلۆماسییەوە قسە دەکەین و عێراق تەنیا دیالۆگی دیپلۆماسی هەیە، چ لەگەڵ ئێران بێت یان ئەمریکا.
رووداو: مەترسی هەیە لەسەر حەشدی شەعبی کە ئیسرائیل یان ئەمریکا هێرشبکەنە سەری و هۆشداری لەوبارەیەوە دراوە؟
عەبدولڕەحمان جەزائیری: بەگوێرەی ئەوەی دەرکەوتووە، پەیامی گرنگ و ڕوون هەبووە و دواتر پەیامی دیکە لەلایەن ئەمریکاوە هەبووە. پەیامەکان دوولایەنە بوون؛ یەکەمیان پەیامی ئەمریکا و هاوپەیمانان بوو کە پابەندن بە پاراستنی ئاسایشی عێراق و سیاسەتە سەربازییەکەی. پەیامی دووەم لە بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانەوە بووە، بەوەی دەستوەردان ناکەن و ناچنە نێو ئەو جەنگەی لە ناوچەکە هەیە. ڕێککەوتنیش لەبارەی هەڕەشەی زایۆنی هەبوو لە دژی گرووپە چەکدارەکان، بەوانەشەوە کە لەناو حەشدی شەعبیدان. من نایشارمەوە کە مەترسی و هەڕەشە لە ئەمریکاوە هەیە کە ئەگەر حەشدی شەعبی یان گرووپە چەکدارەکان دەستوەربدەن، ئاماژەیەک دراوە بەوەی کە بەئامانجبگیرێن لەلایەن فڕۆکەکانی ئیسرائیل یان ئەمریکاوە. لە عێراق سێ بنکە هەن کە حەریر، عەین ئەسەد و ڤیکتۆریان، کە ئاماژەیەک دەدەن بەوەی دۆخەکە و بنکەکانی حەشدی شەعبی پارێزراو نابن. هەروەها ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە مەترسی لەسەر سەرکردەکانی حەشدی شەعبی هەیە. پێشتر ئەوە ڕاگەیێندرا کە هەر جووڵەیەک لە سەرکردایەتیی حەشد یان گرووپە چەکدارەکانەوە هەبێت، ئەگەری هەیە زیان بە بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا بگەیێنێت لە ناوچەکە و عێراق. هەڕەشەکە ماوە و جەنگ تاوەکوو ئەم ساتە کۆتایی نەهاتووە. هەڵوێستی موقاوەمەی ئیسلامی کە لە عێراقە، لە ڕاگەیێندراوی یەکەمیدا بریتی بوو لە سەرکۆنەکردن و داواکاریی چوونەدەرەوەی بەپەلەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا و بنکە سەربازییەکانی.
رووداو: گرووپەکانی موقاوەمە و حەشدی شەعبی لە مەترسییەکانی تێوەگلانی عێراق لەو جەنگە تێگەیشتوون؟
عەبدولڕەحمان جەزائیری: بە دڵنیاییەوە. ئەگەر باس لە مەترسی بکەین، لە جەنگەکان و ڕاپۆرتە جیهانییەکاندا ئاماژە بەوە دراوە کە ئەگەر هێرش بکرێتە سەر سەرکردەکانی، دۆخە ئابوورییەکەی عێراق بەرگە ناگرێت کە پشت بە نەوت دەبەستێت و باس لە ئابوورییەکی ناسەقامگیر دەکەین. سیاسەتی ناوخۆیی ئامادە نییە و کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی، کێشەی سوننە لەگەڵ شیعە، کێشەی سوننە و سوننە، شیعە و شیعە، و کورد و کورد هەیە. من دەڵێم خوانەخواستە ئەگەر عێراق بچێتە ئەم جەنگەوە، بەرگە ناگرێت، لەبەرئەوەی چەکی دژەفڕۆکەی ئیسرائیل و ئەمریکیمان نییە. تواناکانمان سنووردارە بە هێزی حەشد و وەزارەتی بەرگری و دەزگای دژەتیرۆر و گرووپەکانی نێو سیستمی بەرگری؛ ئەگەر بەرامبەر بە هێز و هەژموونی ئەمریکا دایبنێین، پێموایە ئەنجامەکەی باش نابێت. ئەگەر عێراق ڕووبەڕووی هێرش یان بەزاندنی سنوورەکەی ببێتەوە وەک پێشتر کە سەرکردایەتیی حەشدی شەعبی ڕووبەڕووی هێرش بوونەوە، وەک ئەبومەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی، یان قاسم سلێمانی، ئەمانە ئاماژەی پاڵنەرانە بوون وەک پرسێکی عەقائیدی لەلای حەشدی شەعبی. بەڵام پێم وایە هێزێکی نایەکسان لە جەنگدا هەیە و عێراق بەرگەی ئەوە ناگرێت بچێتە هەر جەنگێکەوە، چ نزیک بێت یان دوور، ناوخۆیی بێت یان دەرەکی، لەبەرئەوەی دۆخەکە لەڕووی ئابووری و سیاسی و تەنانەت سەربازیشەوە ناسەقامگیرە.
رووداو: حەشدی شەعبی و گرووپەکانی موقاوەمە بڕیاریانداوە بەشداریی ئەم جەنگە نەکەن؟
عەبدولڕەحمان جەزائیری: حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، پەیامی ناردووە کە دەستوەردان ناکەن و ناچنە نێو جەنگەوە، بەڵکو دەیەوێت بە گفتوگۆی دیپلۆماسی و دانوستاندن دەستوەردان بکات. بەڵام ئایا ئەو داواکارییە وەڵامدانەوەی دەبێت؟ لێرەدا دوو هێز هەن. یەکەم حەشدی شەعبییە کە سەر بە فەرماندەیی گشتیی هێزە چەکدارەکانە، بەبێ فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، هێزەکانی ناتوانن هیچ بکەن و لە بنکە و سەربازگەکانیانەوە بجووڵێن. هەرچی گرووپە چەکدارەکانن کە پێیان دەگوترێت "موقاوەمەی ئیسلامی" و لە عێراق هەن، چەکیان هەیە و لەڕووی بیروباوەڕەوە گرێدراون بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە. تاوەکوو ئێستا هیچ ئاماژەیەک نییە کە ئەمانە پەلاماری بنکەکانی ئەمریکا بدەن یان جەنگ لە عێراق بەرپا بکەن و عێراق بەشداریی لەم جەنگە بکات. ئەوەی هەیە تەنیا هەڕەشەکردن و بێنەوبەردەی سەربازییە لەنێوان هێزەکانی ئەمریکا و ئەو گرووپە چەکدارانە. هیچ ڕاگەیێندراوێکی فەرمیی موقاوەمە نییە کە دەستوەردان بکات و بچێتە نێو جەنگی نێوان ئێران و قەوارەی زایۆنی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ