دادگەی فیدراڵیی عێراق تاوتوێی سکاڵای پارێزەرێکی کورد دژی یاسای دادگەکە دەکات

15-08-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەمڕۆ دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق تاوتوێی سکاڵای پارێزەرێکی کورد دژی هەموارکردنەوەی یاسای دادگە دەکات کە داوایکردووە هەموارەکە بە نادەستووری بزانرێت، چونکە پێچەوانەی دەقەکانی دەستووری عێراقە و دەشڵێت، " ئەگەر سکاڵاکە لەبەرژەوەندیی ئێمە کۆتایی بێت، ئەوا دادگەکە هەڵدەوەشێتەوە و سەرجەم بڕیارەکانی دادگە لەدوای پەسەندکردنی دەستوور لەساڵی 2005 بە نادەستووری هەژمارەدەکرێت".
 
بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق، بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە، 15ـی ئابی 2023، دادگەکە تاوتوێی سکاڵای پارێزەر ئازاد عەبدولحەمید دۆسکی دژی هەموارکردنەوەی یاسای دادگەی باڵای فیدراڵیی ژمارە 25ـی ساڵی 2021 بکات. 
 
سکاڵاکار کە سکاڵاکەی دژی هەریەک لە محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق تۆمار کردووە، لە سکاڵانامەکەیدا کە ژمارە 135ـی فیدراڵیی 2023ـی هەیە، داوا لە دادگەی فیدراڵیی عێراق دەکات بڕیار بە نادەستووریبوونی هەمواری یاسای ژمارە 25ـی ساڵی 2021ـی هەمواری یەکەمی فەرمانی ژمارە 30ـی ساڵی 2005ـی یاسای دادگەی باڵای فیدراڵی بدات.
 
رۆژی سێشەممە، 15-8-2023، پارێزەر ئازاد عەبدلوحەمید دۆسکی، لەبارەی سکاڵاکەیەوە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمرۆ سەرجەم بەڵگەنامەکان و پێداویستییەکان دەخەمە بەردەستی دادگە؛ دواتر دادگە وردبینی و بەدواداچوون بۆ بەڵگەکانم دەکات".
 
ئازاد عەبدلوحەمید دۆسکی وردەکاریی سکاڵاکەشی خستەڕوو کە ئەمڕۆ یەکەم دانیشتنی دادگەکەی بۆ بەڕێوەدەچێت و گوتی، "ئەگەر دواتر بڕیارەکە لە بەرژەوەندیی ئێمە بێت، ئەوا دەبێت دادگەکە هەڵبووەشێتەوە و سەرجەم بڕیارەکانی کە لەدوای ساڵی 2005ەوە دەریکردوون بە نایاسایی و نا دەستووری هەژماربکرێن، بەو بڕیارانەشی لە بەرژەوەندیی هەرێمی کوردستان نەبوون."
 
سکاڵاکەکە بەپێی ئەو پارێزەرە دژی یاسای دادگەکەیە. ئەو یاسایە لە ساڵی 2021 لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە هەموارکراوەتەوە. بەپێی هەموارکردنە نوێیەکە دادگەکە لە کارکردن بەپێی یاسای برێمەر کە بە یاسای بەڕێوەبردنی کاتیی عێراق دەناسرێت، بەردەوام بووە، لەکاتێکدا بەپێی دەستووری هەمیشەیی ساڵی 2005ـی عێراق'لەگەڵ پەسندکردنی دەستوور، کار بە یاسای برێمەر ناکرێت"، بەڵام دادگەکە لە ساڵی 2005ـەوە و لەدوای پەسندکردنی دەستووریشەوە هەر بەو یاسایەی برێمەر کە بە یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەناسرێت، کاردەکات."
 
یاسای ژمارە 30ـی ساڵی 2005، بەپێی مادەی 44ـی یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق لە قۆناخی گواستنەوە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە دەرکراوە. 
 
یاسای بەڕێوەبردنی دەوڵەتی عێراق لە قۆناخی گواستنەوەدا یەکێکە لەو یاسایانەی تایبەت بوو بە قۆناخی دوای دەسەڵاتی بەعس لە ساڵی 2003 و بە یاسای بەڕێوەبردنی کاتی و یاسای برێمەر دەناسرێت، لە مادەی 44ـی یاساکە باس لە دامەزراندنی دادگەیەک بە ناوی دادگەی باڵای فیدراڵی کراوە، ئەو یاسایە بەپێی مادەی 62، تاوەکو پەسەندکردنی دەستوور و پێکهێنانی حکومەتی نوێی ئەو کاتی عێراق کاری پێدەکرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە