هێرش و هێرشی بەرامبەر پەلی کێشا بۆ بارەگای ئۆپەراسیۆنەکانى حەشد؛ بەڵێنی یەکێک لە گرووپەکان رۆژێکی نەخایاند

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هێرشەکان بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان لە عێراق پەلیکێشا بۆ بارەگای ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبی، لەگەڵ ئەوەی لە نەینەوا بارەگاکانیان چۆڵ کردووە. هێرشکردنە سەر ناوەندی پشتیوانیی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا، ئەو بەڵێنەی شکاند کە یەکێک لە گرووپەکان دابووی بۆ ئەوەی بۆ ماوەی 5 رۆژ هێرش نەکەنە سەریان.
 
دۆخی هێرش و هێرشی بەرامبەری گرووپە چەکدارەکان و سوپای ئەمریکا لە عێراق پێی نایە بیستەم رۆژەوە، لە دوای ئەو جەنگەی لە 28ی شوباتەوە بە هێرشی ئەمریکا/ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەستیپێکرد.
 
هێرشەکان گەیشتنە سەر بارەگای ئۆپەراسیۆنەکان
 
رەوتی هێرشەکان بۆ سەر گرووپەکانی حەشدی شەعبی ئاراستەیەکی دیکەی وەرگرت، لە 19ی ئاداردا بارەگای ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانیان لە نەینەوا و ئەنبار کرانە ئامانج.
 
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە نەینەوا کە بەهۆی هەستیاریی پرسەکەوە نەیویست ناوی بڵاو بکرێتەوە، بە رووداوی گوت: "حەشدی شەعبی بارەگا سەرەکییەکانی لە ترسی هێرشکردنە سەری چۆڵکردووە."
 
لە ماوەی بیست رۆژی جەنگ و هێرش بۆ سەر گرووپەکانی حەشدی شەعبی، یەکەمجار بوو بارەگای ئۆپەراسیۆنەکانیان بکرێتە ئامانج کە بەشێکە لە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق.
 
دەستەی حەشدی شەعبیی عێراق لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "ئەو بارەگایانەی پێگەی فەرمی و کارگێڕییان هەیە و لە پەیکەری دەوڵەتی عێراقدان و بە ئاگاداری و هاوئاهەنگیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان دانراون؛ ئەوە پێشهاتێکی زۆر مەترسیدارە کە نابێت لێی بێدەنگ بن. ئەو بارەگایانە پێگەی کارگێڕی و رێکخستنی ناسراون و هەڕەشە نین."
 
بەڵێنەکە شکێنرا
 
درەنگی شەوی رابردوو و هەروەها بەرەبەیانی 20ی ئادار، چەند جارێک ناوەندی پشتیوانیی دیپلۆماسیی ئەمریکا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغدا بۆردوومان کرا.
 
بۆردوومانکردنی ئەو ناوچەیە کەمتر لە 25 کاژێر دوای راگەیێنراوێکی کەتیبەکانی حیزبوڵڵای عێراق بوو بۆ راگرتنی هێرشکردنە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا بۆ ماوەی 5 رۆژ، لە بەرامبەر 5 مەرجدا کە دیاریی کردبوو.
 
هیچ گرووپێک بە دیاریکراوی بەرپرسیارێتیی ئەو هێرشەی سەر ناوەندی پشتیوانیی دیپلۆماسیی ئەمریکای نەگرتە ئەستۆ، بەڵام گرووپی چەکداریی "سەرایا ئەولیا دەم" رایگەیاند لە چوارچێوەی "ئەرکێکی شەرعی" و وەک تۆڵەکردنەوەیەک بۆ خوێنی ئەو چەکدارانەی لە هێرشەکانی ئەمریکادا کوژراون، 3 هێرشیان کردووەتە سەر بنکەکانی ئەمریکا لە عێراق.
 
ئەو هێرشانەی سەر ناوەندەکەی ئەمریکا هاوکات بوو لەگەڵ هۆشدارییەکی ئەمنیی باڵیۆزخانەکەیان کە ئاراستەی هاووڵاتیانی وڵاتەکەی کرد و داوای لێکردن بەهۆی زیادبوونی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران و مەترسیی بەردەوامیی مووشەک و درۆن، دەستبەجێ عێراق و هەرێمی کوردستان جێبهێڵن.
 
عێراق: تۆمەتبارکردنی حەشد لە "بێئاگاییەوەیە"
 
بۆ یەکەمجار ئەمریکا بە فەرمی زانیاریی لەسەر شێوازی هێرشەکانی بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان لە عێراق ئاشکرا کرد.
 
دان کەین، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەشی سوپای ئەمریکا، چەند کاژێرێک دوای ئەو هێرشانە لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە واشنتن رایگەیاند: "لە عێراق، هێلیکۆپتەرەکان لە جۆری ئەپاچی-64، هێرشیان کردە سەر گرووپە میلیشیاکانی لایەنگری ئێران بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە لە بنبڕکردنی هەر هەڕەشەیەک لە عێراقەوە بۆ سەر هێز و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا."
 
دوای روونکردنەوەی ئەو هێرشانە بۆ سەر گرووپە چەکدارەکان بە شێوەیەکی فەرمی لەلایەن ئەمریکاوە، سەردانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانى عێراق بۆ دەستەی حەشدی شەعبی بەدوادا هات، کە وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان لەگەڵ فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەکە و بەرپرسانی دیکەی حەشدی شەعبی کۆبووەوە.
 
محەممەد شیاع سوودانی گوتی: "تۆمەتبارکردنی حەشدی شەعبی بەوەی لە دەرەوەی دەوڵەت و یاسا کار دەکات، لەسەر بنەمای بێئاگاییە و چەواشەکردنێکی بەئەنقەستە بۆ مەبەستی دیاریکراو."

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە