پڕۆژە یاسایەک بەهۆى ناکۆکیی نێوان دوو لیژنەى پەرلەمانی عێراقەوە دەنگى لەسەر نادرێت

15-08-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پڕۆژە یاسای وەبەرهێنانى پیشەسازى لە پەرلەمانى عێراق پەکیکەوتووە، ئەوەش بەهۆى ناکۆکیی دوو لیژنە لەبارەى بەناوکردنى زەوى بەناوى پڕۆژەکانى پیشەسازى لە نێوشارەکاندا. ئەندامى یەکێک لەو دوو لیژنەیە دەڵێت، "ئەگەر پڕۆژە یاساکە کە بەوشێوەیە بڕوات و دەنگی لەسەر بدرێت، زەوى نێو سنوورى شارەوانى لە عێراق نامێنێت".
 
لە 18ى مانگى ئاداری 2023ەوە پەرلەمانى عێراق دەنگدان لەسەر پڕۆژە یاساى هەموارى چوارەمى یاسای وەبەرهێنانى پیشەسازى لە کەرتى تایبەت و تێکەڵ دواخستووە، بێ ئەوەى کاتێک دیاری بکات بۆ دەنگدان لەسەری.
 
دواخستنى دەنگدانەکە بەهۆى ناکۆکییەوە لە نێوان هەردوو لیژنەى ئابوورى، پیشەسازى و بازرگانى لەگەڵ لیژنەى وەرهێنان و بوژاندنەوە لەبارەى بڕگەیەک کە تایبەتە بە بەناوکردنى زەوى وەبەرهێنانى پیشەسازى بە ناوى کۆمپانیاکەوە.
 
15ى ئابى 2023، سۆران عومەر، ئەندامى لیژنەى ئابوورى، پیشەسازى و بازرگانیى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ناکۆکییەکە لەگەڵ لیژنەى وەبەرهێنانە لەسەر بەناوکردنى ئەو زەویانەى دەدرێنە پڕۆژەکانى وەبەرهێنانى پیشەسازى کە لە سنوورى شارەوانیدان. ئەگەر ئەو هەموارە بەم شێوەیە تێپەڕێت، زەوى لەنێو شارەکاندا نامێنێت".
 
سۆران عومەر گوتیشى، "ئاساییە زەوى وەبەرهێنان لە دەرەوەى سنوورى شارەوانى بەناو بکرێت و پێویستە ئەو کارگانە لە دەرەوەى سنوورى شارەوانى بن".
 
ئەو پڕۆژەى هەموارکردنە بۆ یاساى وەبەرهێنانى پیشەسازى لە کەرتى تایبەت و تێکەڵە کە لەساڵى 1998 لە عێراق کارى پێدەکرێت.
 
سۆران عومەر گوتی، 100 هەزار مۆڵەتى پڕۆژەى پیشەسازى دراوە و تەنیا پنێج هەزاریان هەن و بەشێک لەو مۆڵەتانە بۆ ئەوەیە دەستبگیرێت بەسەر ئەو زەویانەدا کە گرانبەهان.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە