رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بەمنزیکانە رێوشوێن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەند دەگیرێتەبەر و دەڵێت: "مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان شایستەیەکی نیشتمانی و ئەخلاقییە و رژدبوونێک هەیە بۆ ئەوەی دۆخی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی فەرمانبەران لە سەرجەم ناوچەکانی دیکەی عێراق لێبێت."
شەوی پێنجشەممە، 14-9-2023، هیشام روکابی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بوڵتەنی کۆرۆژی کاژێر 23:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو، رائگەیاند، "لە کۆبوونەوەی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی حکومەتی ناوەند و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەردوولا جەختیان لەسەر پێویستیی دۆزینەوەی رێگەچارەی ریشەییانە بۆ کێشە یاسایی و داراییەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند بەپێی یاسا و دەستوور کردەوە، پێموایە حکومەت بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی چەندین ساڵە هەڵپەسێردراون، حکومەتی عێراق جیدییە لە دۆزینەوەی رێگەچارەی ریشەیی لە مامەڵەکردن لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا."
سەبارەت بە رژدبوونی حکومەتی عێراق لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی، روونیکردەوە: "سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق هەڵوێستی حکومەتی روونکردەوە کە کاریکردووە و کاردەکات تاوەکو پێویستییەکانی ژیانی شکۆمەندانەی هاووڵاتیان چی لە هەرێمی کوردستان بێت یان لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق کاریگەر نەبێت و کێشە یاسایی و کارگێڕییەکان بەشێوەیەک چارەسەربێت بەپێی پێداویستییەکانی یاسا و دەستوور بێت، بۆیە ئیرادەیەکی راستەقینە هەیە بۆ چارەسەکردنی ئەم کێشە و قەیرانە بەشێوەیەک رێگەچارەگەلێک بدۆزرێتەوە جێی رەزامەندیی هەمووان بێت."
لەبارەی کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقیش، گوتی: "چەندین کێشە هەن، بەشێکیان کێشەی یاسایی و بەشێکیان کێشەی هونەریین، ئەو کێشانە دەبێت بەشێوەیەکی واقیعی و راستەقینە چارەسەربکرێن بۆ ئەوەی دووبارە سەرهەڵنەدەنەوە و دووبارە تەگەرەی دیکە و ناکۆکیی دیکە نەیەنە پێش لەبابەتی مووچە و ئەو بابەتانەی دیکە کە پەیوەندییان بە هەرێمی کوردستان و هەڵوێستی یاسایی پەیوەست بە رادەستکردنی سەرچاوەکانی نەوتەوە هەیە، بۆیە حکومەت و هێزە سیاسییەکان رژدن لەسەر دۆزینەوەی رێگەچارە و لایەنەکانی نێو هاوپەیمانێتییەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی و بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەیانەوێت ئەو تەگەرە و کێشانە بەشێوەیەک چارەسەربکرێن کە جێی رەزامەندی هەموو لایەنەکانی بەغدا و هەرێمی کوردستان بێت."
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، باسی پرسی مووچەی مووچەخۆرانیشی کرد و بە شایستەی ئەخلاقی و نیشتمانی ناوهێنا و گوتی: "حکومەت وەکو بەرکەوتەیەکی نیشتمانی و ئەخلاقی بەرامبەر بە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان تەماشای پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات، بۆیە حکومەت رژدە لەسەر ئەوەی رێکارگەلێک بگرێتەبەر کە یاسا پێشێل نەکرێت تێیدا، چونکە مانەوەی ئەو کێشەیە لێکەوتەی ئەوتۆی لێدەکەوێتەوە کە زیان بە مافەکانی هاووڵاتیان دەگەیێنێت، بۆیە لە رژدبوون بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بەمنزیکانە رێوشوێنی روون و راشکاو دەبینین کە لەگەڵ یاسا و دەستوور دەبینین، کە نوێنەرایەتی سەرجەم پێکهاتەکانی عێراق دەکات."
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە "پەیوەندیی بەردەوام لەنێوان هەردوولا دەبێت، کاتێک کە رێگرییەکان لادەبرێن، ئەوا رێکاری راشکاو لەلایەن حکومەتەوە دەبینین."
هیشام روکابی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، باسی چارەسەریی ریشەیی بۆ کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەند کرد و گوتی: "حکومەتی عێراق پارەی بە قەرز داوەتە حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو ئەو کاتەی سەرجەم بابەتی رادەستکردنی نەوت یەکلایی دەکرێتەوە، بۆیە هەوڵ لەلایەن حکومەت و سەرجەم لایەنەکان هەیە بۆ کۆتایی هاتن بەو دۆسیە و دۆخی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی فەرمانبەران لەسەرجەم ناوچەکانی دیکەی عێراق لێبێت، چونکە بابەتەکە شایستەی نیشتمانی و ئەخلاقییە لە هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان، رژدبوونێک هەیە بۆ سووککردنی قەیرانەکە و باری سەرشانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان."
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆتایی قسەکانیدا باسی ئەوەیکرد کە چەندین شاند و لیژنە لە نێوان هەردوولا کار لەسەر چارەسەر و گەیشتن بە رێگەچارە دەکەن و رایگەیاند: "پەیوەندیی بەردەوام لە نێوان هەردوو حکومەت، شاندی هونەری و یاسایی و پسپۆڕان لەنێوان هەردوولا هەیە، پشتیوان بەخوا بەمنزیکانە رێگەچارەگەلێک دەدۆزرێتەوە کە جێی رەزامەندیی هەمووان بێت و لەگەڵ یاسا گونجاو بێت."
یاسای بودجەى گشتیی عێراق بۆ ساڵەکانی 2023-2024-2025، لە 12ـی حوزەیران لە پەرلەمان پەسندکرا، لە 26ـی هەمان مانگ لە رۆژنامەى وەقائیعی عێراقى بڵاوکرایەوە. پارەکەى بۆ هەر ساڵێک 198.9 تریلیۆن دینارە و پشکى هەرێمى کوردستان تێیدا زیاتر لە 16 تریلیۆن دینارە. بەڵام تاوەکو ئێستا بەهۆی ناکۆکییەوە، پارەی مووچە و پشکی هەرێمی کوردستان نەنێردراوە و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان مووچەی مانگەکانی تەممووز و ئاب دابەشنەکراوە.
رۆژی پێنجشەممە، 14-9-2023، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی کێشە داراییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند گەیشتنە بەغدا، شاندەکەی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی دەکرد و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران؛ رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ؛ ئاوات شیخ جەناب، وەزیری دارایی؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران؛ ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەندامانی شاندەکە بوون.
شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستان جگە لە سوودانى، لەگەڵ سەرۆککۆمار، سەرۆکى پەلەرمان، هەریەکە لە نوورى مالیکى، سەرۆکى هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا؛ خەمیس خەنجەر، سەرۆکى هاوپەیمانى سەروەرى؛ حەیدەر عەبادى، سەرۆکى هاوپەیمانى نەسڕ؛ هادى عامرى ، سەرۆکى هاوپەیمانیی فەتح؛ فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و قەیس خەزعەلی، ئەمینداری عەسائیبی ئەهلی حەق کۆبوونەوە.
مەسرور بارزانی لەدوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە، پێش گەڕانەوەی بۆ هەولێر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، دوو پێشنیازی درێژخایەن و کورتخایەنیان خستووەتەڕوو بۆ ئەوەی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستان دابین بکرێن. لەبارەی دابینکردنی مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، "ئیشەڵڵا موژدەی خێرمان پێدەبێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ