لە دژی باج لە هەرێمی کوردستان لە دادگەی فیدراڵی سکاڵا تۆمارکرا

15-09-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆک و ئەندامێکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق سکاڵایەکیان لە دادگەی باڵای فیدراڵی لە دژی بەشێک لەو باج، کرێ و سزای سەرپێچییانە تۆمارکرد کە لە هەرێمی کوردستان وەردەگیرێن. 
 
لە سکاڵاکەدا رێنماییەکانی دارایی ژمارە 2 و 10ـی ساڵی 2021 کە پەیوەستن بە کرێی کارەبا و باجی خزمەتگوزاریی نەخۆشخانە تایبەتەکان و پێکهاتەکانی بە نموونە وەرگیراون، سکاڵاکاران لە سکاڵاکەدا داوای هەڵوەشاندنەوەی ئەو باجانە دەکەن، دادگەکەش رۆژی 10ـی مانگی داهاتووی بۆ تاوتوێکردنی سکاڵاکە دیاریکرد.
 
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، بڕیارە دادگەکە رۆژی سێشەممە، 10-10-2023، بۆ تاوتوێکردنی سکاڵایەکی سروە عەبدولواحید، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق و رێبوار ئەوڕەحمان، پەرلەمانتاری ئەو فراکسیۆنەی لە دژی رێنمایی دارایی ژمارە 2ـی کارەبا و 10ـی ساڵی 2021 کە تایبەتە بە وەرگرتنی باج لەسەر خزمەتگوزارییە پێشکێشکراوەکانی نەخۆشخانە تایبەتییەکانی و پێکهاتەکانی کۆببێتەوە.
 
لە سکاڵاکەدا کە ژمارە 202ـی فیدراڵیی 2023ـی هەیە، ئەو دوو پەرلەمانتارەی فراکسیۆنی نەوەی نوێ سکاڵاکەیان لە دژی، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی کوردستان، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی، تۆمارکردووە.
 
سکاڵاکاران داوایانکردووە دادگەی فیدراڵی رێنمایی ژمارە دووی ساڵی 2021 و 10ـی هەمان ساڵ بە نادەستووری دابنێت.
 
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو سکاڵاکە لە دژی ئەو باجانەیە کە زیادکراون یان نوێن و ئەو پارانەیە کە بەهۆی سزاکانەوە وەردەگیرێن لەنێویاندا سزای سەرپێچییەکانی کامێراکانی هاتووچۆ، بەڵام دادگەی فیدراڵی داوای چەند نموونەیەکی لە سکاڵاکاران وەکو نموونە کردووە.
 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە