پێشنیازەیاسایەک بۆ درێژکردنەوەی وادەی یاسایی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان دەدرێتە پەرلەمانی عێراق

15-09-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پێشنیازەیاسایەک بۆ هەموارکردنەوەی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رادەستی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان کرا بۆ ئەوەی وادەی یاسایی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بۆ ماوەی شەش مانگ درێژبکرێتەوە کە 7ـی کانوونی دووەمی 2024 تەواو دەبێت، تاوەکو بتوانێت سەرپەرشتیی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکات، کە بڕیارە 25ـی شوباتی ساڵی داهاتوو بکرێت.
 
پێشنیازەیاساکە کە بۆ هەموارکردنەوەی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن ژمارە 31ـی ساڵی 2021ە، لەلایەن فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق 34 واژۆی بۆ کۆکراوەتەوە و رادەستی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق کراوە بۆ ئەوەی بیخاتە بەرنامەی کارەوە. 
 
پێشنیازە یاساکە، لە دوو مادە پێکدێت، مادەی یەکەم بریتییە لە هەموارکردنەوەی مادەی حەوتی یاسای کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقە بەمشێوەیە:
 
مادە 7 - بڕگەی 1: ماوەی یاسایی ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بۆ چوار ساڵ دەبێت، لە رۆژی دەرکردنی مەرسوومی کۆمارییەوە دەستپێدەکات (دەکرێت بۆ یەکجار و بۆ ماوەی شەش مانگ درێژبکرێتەوە)، لەگەڵ رەچاوکردنی ئەوەی لە حوکمەکانی بڕگەی دووەمی مادەکە هاتووە.
 
مادەی دووەمیش بەمشێوەیە هەمواردەکرێتەوە: "ماوەی یاسایی ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بۆ ماوەی شەش مانگ درێژدەکرێتەوە لە رۆژی تەواوبوونی ماوەی یاسایی ئێستایانەوە لە 7ـی کانوونی دووەمی 2024."
 
بەپێی پێشنیازەیاساکە، هۆکارەکانی دەرچوواندنی گەڕێندراوەتەوە: "بۆ ئەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکات."
 
جگە لە ئەندامانی فراکسیۆنی نەوەی نوێ، ئەندامانی فراکسیۆنەکانی یەکگرتووی ئیسلامی، ئیمتیداد، بابلیون، سادیقون، ئیشراقەی کانوون، کۆمەڵی دادگەری و ژمارەیەک پەرلەمانتاری فراکسیۆنەکان و سەربەخۆکانی دیکە واژۆیان لەسەر پێشنیازەیاساکە کردووە.
 
بەپێی مەرسوومی کۆماریی یەک کە لە رۆژی 7ـی کانوونی دووەمی ساڵی 2020 لەلایەن بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری ئەو کاتی عێراقەوە دەرچووە، ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن پێکدێن لە 9 کەس، بەو پێیە رۆژی 7ـی کانوونی دووەمی ساڵی 2024 ماوەی یاسایی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی ئێستا بەسەردەچێت.
 
رۆژی پێنجشەممە، 3ـی ئابی 2023، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە دیاریکردنی 25ی شوباتی 2024 وەکو رۆژی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
 
لەگەڵ ئەوەشدا گوتی بەپێی یاسا بەرکارەکان کۆمیسیۆن پێش تەواوبوونی وادەی یاسایی سەرپەرشتی هەڵبژاردنی خولی شەش دەستپێدەکات و پێش ئەوەش لە مانگی 18-12-2023، سەرپەرشتی هەڵبژاردنی پارێزگاکان دەکات، بۆ سەرپەرشتیکردنی هەڵبژاردن تاوەکو تەواوبوونی رێکارەکان و بە ئەنجام گەیاندنی پڕۆسەکە و دەرکەوتنی براوەکان و یەکلاییکردنەوەی تانەکان بەردەوام دەبێت. بۆیە هیچ کێشەیەکی یاسایی نابێت سەرپەرشتی هەڵبژاردنی کوردستان بکات و ئەوەیان لەگەڵ کۆمیسیۆن باسکردووە.
 
رۆژی 9ـی تشرینی یەکەمی 2023 تەمەنی پەرلەمانی کوردستان بە دەنگی 80 پەرلەمانتار بۆ کۆتایی 2023 درێژکرایەوە؛ چونکە بەهۆی هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و ناکۆکی لایەنەکان لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان بە فرە بازنەیی، نەتواندرا رۆژی 1ـی تشرینی یەکەمی 2022 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە