دارایی عێراق: پشتبەستنی زۆر بە داهاتە نەوتییەکان هەژاری و بێکاریی زیادکردووە

15-09-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دارایی عێراق لە توێژینەوەیەکدا رایگەیاند بەهۆی پشتپێبەستنی زۆری عێراق بە نەوت وەکو سەرچاوەی یەکەمی داهات جگە لە زیادبوونی رێژەی هەژاری و بێکاری، ئەو وڵاتە سەقامگیریی لە سیاسەتی داراییەکەی لەدەستداوە و دەبێت داهاتە نانەوتییەکان زیاتر بکرێن. ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت: "زۆربوونی پشتبەستن بە داهاتی نەوت، عێراقی خستووەتە سەر هێڵی مەترسی و هەموو کات ئەگەری هەیە رووبەڕووی کارەسات ببێتەوە."
 
بەپێی توێژینەوەیەک کە وەزارەتی دارایی عێراق بڵاویکردووەتەوە، عێراق لە دوای ساڵانی 2003ـەوە تاوەکو ساڵی 2021 بەرێژەیەکی زۆر پشتی بە داهاتە نەوتییەکانی بەستووە.
 
لە توێژینەوەکەدا هاتووە: "بەهۆی زۆریی و زاڵیی داهاتە نەوتییەکانەوە، بودجەی عێراق بەدەست کێشەی پەیکەربەندییەوە دەناڵێنێت، ئەو داهاتانە 92٪ـی کۆی بودجە پێکدەهێنێت، لە بەرامبەردا داهاتە نانەوتییەکان زۆر کەمن، جگە لەوەی ئەو بەرهەمە نێوخۆییەی لە ئەنجامی چالاکییەکانی نەوتی خاوەوە بەدەستدێت لێکەوتەی چالاکییە ئابوورییەکانی دیکە نییە، ئەوەش وایکردووە ئابووریی عێراق زۆر کێشەی گەورەی لەسەر بنچینەی ئابووریی راستەقینە بۆ دروست ببێت."
 
تویژینەوەکە بە ناونیشانی 'شیکردنەوەی پەیوەندیی نێوان بودجەی گشتی و گەشەکردنی ئابووری لە رۆشنایی بنچینەکانی چاکسازی ئابووری لە عێراقدا' لەلایەن نور شەدهان عەدای ئامادەکراوە. 
 
بەگوێرەی توێژینەوەکە، داهاتە گشتییەکانی عێراق بە بەهای نەوت تەواو کاریگەرە، ئەوەش بەهۆی پشتبەستنی زۆری عێراق بە داهاتە نەوتییەکان، لەساڵی 2003دا داهاتی عێراق 15 ترلیۆن و 985 ملیار 527 ملیۆن دینار بووە، لە ساڵی 2008دا گەیشتووەتە 80 ترلیۆن و 641 ملیار و 41 ملیۆن دینار، لەساڵی 2009 بەهۆی دابەزینی بەهای جیهانیی نەوت، داهاتەکان بۆ 55 ترلیۆن و  243 ملیار و 527 ملیۆن دینار کەمیکردووە.
 
بەڵام لەساڵی 2010 تاوەکو 2012 بەهۆی بەرزبوونەوەی داهاتە نەوتییەکان، داهاتە نەوتییەکان زیادیانکردووە، لەنێوان ساڵانی 2013 تاوەکو 2021یش بەهۆی گۆڕانکارییەکانی بەهای جیهانیی نەوت داهاتە نەوتییەکان زیاد و کەمیان کردووە.
 

 
لە توێژینەوەکەی وەزارەتی دارایی ئاماژە بۆ ئەوەشکراوە لە زۆرینەی ساڵەکاندا داهاتە نەوتییەکان زیاتر لە 90٪ بوون و بەوهۆیەوە سیاسەتی دارایی سەقامگیریی لەدەستداوە و دەبێت داهاتە نانەوتییەکان زیاتر بکرێت.
 
د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی پشتبەستنی زۆری عێراق بە داهاتە نەوتییەکان، رۆژی پێنجشەممە، 14-9-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "زۆر پشتبەستنی عێراق بە داهاتی نەوتی، ئەو وڵاتەی کردووەتە جێی مەترسی، چونکە داهاتە نەوتییەکان بەهیچ شێوەیەک جێی گەرەنتی نین، جگە لەوەی دامەزراندنی ژمارەیەکی زۆری فەرمانبەر و بوونی زیاتر لە شەش ملیۆن مووچەخۆر ئەو وڵاتەی زیاتر خستووەتە سەر هێڵی مەترسی، چونکە داهاتەکانی نەوت دواجار بێکاری و هەژاری زیاتر بڵاودەکاتەوە."
 
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەشڵێت، دەبێت عێراق خۆی لەو کێشەیە رزگاربکات و هەوڵی فرەکردنی سەرچاوەکانی داهاتی بدات.
 
بەگوێرەی توێژینەوەکە، پشتبەستنی بەردەوامی عێراق بە داهاتە نەوتییەکان، بووەتە هۆی زیادبوونی رێژەی هەژاری و بێکاری. هەروەها نەڕەخساندنی چالاکی ئابووری، کە کار لەسەر هاندانی کەرتی تایبەت بکات، پاشەکشەی بە چالاکییە ئابوورییەکان کردووە، دواکەوتووییش وایکردووە هۆشیاریی باجدان نەبێت و ئەوەش رێگر بووە لە رێگریکردن لە داهاتەکانی باج لەنێو داهاتەکانی گشتی، جگە لە فرە نەکردنی سەرچاوەکانی داهاتی باجەکان.
 
بەپێی وەزارەتی پلاندانانی عێراق رێژەی هەژاری لەو وڵاتە لەنێوان21 بۆ 22٪ـە. پارێزگاکانی باشوور بەرزترین رێژەی هەژاریان هەیە؛ موسەننا 52٪، دواتر پارێزگاکانی دیوانیە، میسان و زیقار بە رێژەی 48 بۆ 45٪، پاشان لە باکوور پارێزگای نەینەوا دێت کە رێژەکەی 39٪ـیە، لە پارێزگاکانی نێوەڕاست رێژەکە لە نێوان 20٪ بۆ 22 ٪ـە. هەروەها بەپێی دوایین راپۆرتی بانکی نێودەوڵەتی، رێژەی بێکاری لەنێو گەنجانی عێراق 36٪ـە، واتە لە هەر سێ گەنج، گەنجێک کاری دەست ناکەوێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ژمارەیەک کارمەندی کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا سەرقاڵی کارکردنن.

بەڕێوەبەری کۆمپانیای دەرمانی عێراق: تێچوومان زۆرە و پێویستمان بە پاڵپشتیی حکومەتە

کۆمپانیای دەرمانی سامەڕا کە تاکە کۆمپانیای حکومەتی عێراقە لە کەرتی دەرمانسازیدا، نەخشەڕێگەیەکی نوێ بۆ ئەمساڵ ئاشکرا دەکات و داوای پاڵپشتی لە حکومەت دەکات. بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیاکە دەڵێت، خەریکی نوێکردنەوەی تەواوی هێڵەکانی بەرهەمهێنانن کە لە رێگەیەوە، "عێراق دەچێتە قۆناخی بەرهەمهێنانی دەرمانی شێرپەنجە و پێداویستییە پزیشکییەکان."