رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو ئەنجوومەنی وەزیران بڕیار لەسەر ناردنی بڕی چوار ترلیۆن و 800 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی مووچەی شەش مانگی ئەمساڵی مووچەخۆران دەدات. دەشڵێت: "هێشتا دیارنییە سەرجەم ئەو پارەیە پێکەوە دەنێردرێت یان بە چەند بەشێک، بەڵام کۆدەنگیی سیاسیی و پەرلەمانیی لەسەر ناردنی کۆکراوەتەوە."
رۆژی هەینی، 15-9-2023 د. نەرمین مەعرووف، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، لەبارەی ناردنی پارە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دوای سەردانەکەی دوێنێی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بڕیارە لە کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممەی هەفتەی داهاتوو، 17ـی ئەیلوول، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیار لەسەر ناردنی چوار ترلیۆن و 800 ملیار دینار بۆ مووچەی مانگەکانی حەوت تاوەکو 12ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بدات، واتە هەر مانگێک 800 ملیار دیناری بۆ مووچە بۆ تەرخانکراوە."
گوتیشی: "ئەو پارەیەی ئەنجوومەنی وەزیران دەنگ لەسەر ناردنی دەدات تایبەتە بە مووچە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بەغدای گوتووە، ئەو پارەیەی بەتەواوەتی بەشی مووچە ناکات، بەڵام تەواوکەرەکەی لە داهاتی ناوخۆیی تەواو دەکات."
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لەبارەی دابەشکردنی دوو مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەسەر یەکەوە کە مووچەی مانگەکانی تەممووز و ئابە و تاوەکو ئێستا مووچەخۆران وەریاننەگرتووە، روونیکردەوە: "دابەشکردنی یەک یان دوو مووچە لەسەر کۆبوونەوەی رۆژی یەکشەممەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق وەستاوە، چونکە راستە بڕیار دەدرێت پارەکان بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، بەڵام عێراق کێشەی سیولەی نەختینەشی هەیە، واتە ئەو پارەیەی لەبەردەستیدایە دۆلارە پێویستی بەکات دەبێت سەرجەم ئەو پارەیەی بڕیاری لێدەدرێت کە چوار ترلیۆن و 800 ملیار دینارە بگۆڕدرێتەوە بە دینار، بۆیە رەنگبێت بڕیار وابێت لە بەشی یەکەمدا تەنیا 800 ملیار یان ترلیۆنێک و 600 ملیار دینار بدرێت و دواتر تەواو بکرێت."
ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە ئەو کاتەی پێویستە بۆ گۆڕینەوەی پارە لە رابردوودا وایکردووە ئەو 400 ملیار دینارانەی دەنێردرا، بە دوو بەش بنرێردرێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی لەسەر بوونی کۆدەنگی لەنێو ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر ناردنی پارە بۆ هەرێمی کوردستان گوتی: "لەنێو حکومەتی عێراق و لە وەزارەتی دارایی هەست دەکەن جۆرێک لە هەڵە هەیە و نابێت بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکرێت، چونکە ناکرێت بۆ شەش مانگ تەنیا بڕی دوو ترلیۆن و نیو بنێردرێت و ئەو ناتەواو و نەگونجاوە، بۆیە لە لیژنەکەماندا ئەوەشمان بە بەرپرسانی دارایی گوتووە."
باسی لەوەشکرد کە ئەوان وەکو پەرلەمانتارانی کورد و ئەندامانی کورد لە لیژنەی دارایی لەگەڵ فراکسیۆنە جیاوازەکان کۆبوونەتەوە و پێیانڕاگەیاندوون کە نابێت چیدی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەبێ مووچە بن و ئەوەی روودەدات ناڕەوایە، د. نەرمین مەعرووف گوتی: "سەرجەم فراکسیۆنەکان هاوسۆز بوون و گوتیان نابێت مووچەی مووچەخۆران نەدرێت."
دەربارەی کۆدەنگی لەنێو ئەنجوومەنی وەزیرانیش، گوتی: "هاتنی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و سەرۆکایەتییەکانی عێراق وادەکات بڕیاردان لە ئەنجوومەنی وەزیران ئاسانتر بن و لایەنەکان لە ناردنی پارە کێشەیەکی ئەوتۆیان نەبێت."
رۆژی پێنجشەممە، 14-9-2023، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی کێشە داراییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەند گەیشتنە بەغدا.
مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، شەوی رابردوو دوای کۆتایی هاتنی سەردانەکەیان لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی: "دوو پێشنیازی کورتخایەن و درێژخایەنمان خستووەتەڕوو کە شایستە داراییەکان خەڵکی کوردستان دابین بکرێت، بۆ چارەسەری درێژخایەن؛ لەوانەیە پێویستی بە تەشریع و هەندێ گۆڕانکاری و هەموارکردنی هەندێ یاسا هەبێت، کە بەیەکەوە دواتر کاری زیاتری لەسەر دەکەین، بەڵام بۆ چارەسەری ئێستا، دیارە لە یەکشەممەی داهاتوو کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت، هەر بۆ ئەم بابەتەش هەندێ پێشنیازمان خستووتەڕوو و پێشوازیی لێکراوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ