چەکووشی سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵی کۆتایی بە پێنج ساڵ دەسەڵاتی حەلبووسی هێنا

15-11-2023
محەممەد حەلبووسی.
محەممەد حەلبووسی.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
رۆژی سێشەممە، 14-11-2023، هەر لەو کاتەی محەممەد حەلبووسی لەنێو پەرلەمانی سەرۆکایەتی دانیشتنێکی دەکرد، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق کۆتایی بە دەسەڵاتەکانی هێنا.
 
جاسم محەممەد عەبود، سەرۆکی دادگەی باڵای فیدراڵی چەکووشی کۆتایی لە بڕیارەکە دا، "کۆتاییهاتنی ئەندامێتیی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران محەممەد رێکان حەلبووسی لە رۆژی دەرچوونی بڕیارەکە، لە 14-11-2023. ئەمە بڕیارێکی کۆتاییە و هەمووان هەموو دەسەڵاتەکان پێوەی پابەندن و بڕیارەکەش بە زۆرینە دەرچووە".
 
بڕیارەکەی دادگە لەسەر سکاڵایەکی لەیس دلێمی، ئەندامی پێشووی پەرلەمان هات بەوەی حەلبووسی داوای دەستلەکارکێشانەوەی ساختەکردووە و بەهۆیەوە لە پەرلەمان دووری خستووەتەوە.
 
لەیس دلێمی، ئەندامی پێشووی پەرلەمان گوتی، "ساڵێکی تەواو لە سەردان و بەدواداچوون بەردەوام بووین لە پرۆژەکەمان بۆ راستکردنەوەی رێچکەکە، ئەمڕۆ بە بەخششی خودا، دادگەی فیدراڵی بڕیاریدا کۆتایی بە ئەندامێتی سەرۆکی پەرلەمان بهێنێت لە پەرلەمان، هەروەها دادگە دەستلەکارکێشانەوەی منیشی پەسندکرد. ئەگەر شاهێدەکان لە دادگە ئامادەبوونایە و رێکەوتنەکە جێگیربکرایە، ئەمە رووی نەدەدا، بەڵام  رێز لە ویست و بڕیاری دادگەی فیدراڵی دەگرم".
 
 محەممەد حەلبووسی 42 ساڵ، کە خەڵکی قەزای گەرمەی پارێزگای ئەنبارە، لە یەکەم کاردانەوەیدا لەکاتی دانیشتنی پەرلەمان سەرسوڕمانی لە بڕیارەکە دەربڕی و بە ناچاری دانیشتنەکەی هەڵگرت.
 
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی دوورخراوەی پەرلەمانی عێراق باسی لەوەکرد، "سەرم سوڕماوە لە دەرکردنی ئەو جۆرە بڕیارانە، سەرمان سوڕماوە لە رێزنەگرتن لە دەستوور و  سەرمان سوڕماوە لەو راسپاردەکردنە کە نازانین لە کوێوە دێت، پەنا بۆ رێکارەکان دەبەین کە مافی دەستووریی دەپارێزێت، رێگەم بدەن دانیشتنەکە هەڵبگرم".
 
کاردانەوەکان زۆر و خێران. هەر زوو سەرکردایەتیی حیزبی تەقەدووم و ئەندامانی لە پەرلەمان بە سەرۆکایەتیی محەممەد حەلبووسی، ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 14-11-2023 کۆبوونەوە، دوای تاوتوێکردنی بابەتەکە، چوار بڕیاریاندا:
 
بایکۆتکردنی کۆبوونەوەکانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت.
دەستلەکارکێشانەوەی وەزیرکان:
-محەممەد عەلی تەمیم، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلاندانان.
- خالید بەتال، وەزیری پیشەسازی و کانزاکان.
- ئەحمەد فەکاک، وەزیری رۆشنبیری و گەشتوگوزار و شوێنەوار.
دەستلەکارکێشانەوەی نوێنەرانی حیزب لە سەرۆک و جێگرانی سەرۆکی لیژنەکانی پەرلەمان.
ئەندامانی حیزب دانیشتنەکانی پەرلەمان بایکۆت بکەن.
 
بۆ تاوتوێکردنی ئەم پێشهاتە، چوارچێوەی هاوئاهەنگی شیعەکان ئەمڕۆ کۆبوونەوەی نائاسایی دەکات و دواتریش هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە پێکهێنەری حکومەتە کۆدەبێتەوە، هاوپەیمانییەک کە لە ئێوارەی سێشەممەوە حەلبووسی بایکۆتی کردووە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە