رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەرێکى گشتیى پەرلەمانى عێراق، فەرمانى هەڵوەشاندنەوەى گرێبەستى 48 پاسەوانى محەممەد حەلبوسی دەردەکات، بەڵام ئەمیندارى گشتیى پەرلەمان دەڵێت، "ئەو بەڕێوەبەرە دەسەڵاتى دەرکردنى ئەو فەرمانەى نییە و دەدرێتە لیژنەى لێکۆڵینەوە و بڕیارەکە کارى پێناکرێت."
رۆژی 15ـی تشرینى دووەمى 2023 فەلاح عەبودى، بەڕێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى کاروبارى کارگێڕى پەرلەمانى عێراق فەرمانێکى دەرکردووە بۆ هەڵوەشاندنەوەى گرێبەستى 48 پاسەوانى محەممەد حەلبووسی، کە رۆژی سێشەممە بە بڕیارى دادگەى باڵاى فیدراڵى مافى ئەندامێتى پەرلەمانى لێ وەرگیرایەوە.
بەگوێرەى نووسراوەکە، لە 14ى تشرینى دووەمەوە گرێبەستى پاسەوانەکانی محەممەد حەلبووسی هەڵوەشێندراوەتەوە، واتە لە هەمان ئەو رۆژەی دادگەى باڵاى فیدراڵى مافی ئەندامێتى پەرلەمانى لە محەممەد حەلبووسی وەرگرتەوە.
رۆژی 15ـی تشرینى دووەمى 2023، سەفوان گەرگەرى، ئەمنیدارى گشتیى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى گوت، "دەرکردنى ئەو بڕیارە لە دەسەڵاتى بەڕێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى کارگێڕى نییە و لە دەسەڵاتى مندایە، بەهۆى دەرکردنى ئەو نووسراوەوە ئەو بەڕێوەبەرە دەدرێتە لیژنەى لێکۆڵینەوە."
سەفوان گەرگەرى ئاماژەی بەوەدا، پێویستە بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵى بەفەرمى بگاتە پەرلەمان و لەدواى راوێژکردن لەگەڵ جێگرانى سەرۆکى پەرلەمان، ئینجا گرێبەستى ئەو پاسەوانانە هەڵبوەشێندرێتەوە.
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکى پارتى تەقەدومە، کە پارتێکی سوننەیە و خاوەنى 43 کورسیى پەرلەمانى عێراقە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ