رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری سەڵاحەدین بڕیاریدا سەرجەم شوێنەکانی مەی فرۆشتن لە پارێزگاکە دابخرێت و هەڕەشەش لەو کەسانە دەکات کە پابەندی بڕیارەکە نابن و دەڵێت، "لێکەوتەی یاسایی لە ئەستۆ دەگرن."
ئیسماعیل خزەیر هلوب، پارێزگاری سەڵاحەددین بە وەکالەت، رۆژی سێشەممە، 14-11-2023، نووسراوی فەرمی کردووە بۆ فەرماندەیی پۆلیسی سەڵاحەدین، بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی نیشتمانی لە سەڵاحەدین، بەڕێوەبەری ئاسایشی نیشتمانیی باشووری سەڵاحەدین، بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگری و دژە تیرۆری سەڵاحەدین و فەرمانگەی گەشتوگوزاری سەڵاحەدین بە ناونیشانی "داخستنی سەرجەم شوێنەکانی مەی فرۆشتن" و دەڵێت، بڕیاریان دا سەرجەم شوێنەکانی مەی فرۆشتن دابخەن لە تەواوی پارێزگای سەلاحەددین، بە پێچەوانە و سەرپێچیکاران سەرجەم لێکەوتە یاساییەکانی دەگرنەئەستۆ.
بەکر محەممەد، قایمقامی قەزای سامەرا لە پارێزگای سەڵاحەدین، رۆژی چوارشەممە، 15-11-2023، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، نووسراوەکە گەیشتووەتە سەرجەم یەکە کارگێڕییەکان، بەپێی نووسراوەکە رێکاری پێویست دەگرنەبەر کە لە 14-11- 2023 نووسراوەکە گشتاندنی بۆ کراوە و کاری لەسەر دەکرێت.
بە فەرمی شوێنەکانی مەی فرۆشتن لە پارێزگای سەڵاحەدین لە شارەکانی تکریت، شەرگات، بێجی هەن، جگە لە فرۆشتنی بەشێوەیەکی نائاسایی لە رێگەی ماڵ، یان گەیاندن.
مانگی رابردوو یاسای قەدەخەکردنی هاوردەکردنی مەی لە عێراق کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، دوای ئەوەی لەلایەن پەرلەمانەوە یاساکە پەسندکرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ