رووداو دیجیتاڵ
کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بڕیاری دا ئەو پارتانە بەشدارى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکەن کە لە هەولێر یان بەغدا بەگوێرەى دوو یاساى جیاواز مۆڵەتیان وەرگرتووە.
رۆژی 15ـى تشرینى دووەمى 2023، جومانە غلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بڕیاری دا ئەو پارتانە مافى بەشداریکردنیان هەبێت لە هەردوو هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان، بەگوێرەى یاساى پارت و رێکخراوە سیاسیەکانى عێراق لە ساڵى 2015 و یاساى پارتە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستانى ژمارە 19ـی ساڵى 1993 یان بەگوێرەى یەکێک لەو دوو یاسایە تۆمارکرابن.
جومانە غلاى گوتى، "38 پارت بەگوێرەى یاسا پارتە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستان تۆمارکراون، ئەو ژمارەیە لەگەڵ تۆمارى زانیاریى پارتەکان بەگوێرەى یاساى پارت و رێکخراوە سیاسییەکانى عێراق بەراورد کرا، دەرکەوت کە 17 پارتى سیاسى خۆیان لەگەڵ ئەو یاسایەدا گونجاندووە، بۆیە بڕیاڕدرا سەرجەم پارتەکان بەگوێرەى هەردوو یاساکەى هەرێمى کوردستان و عێراق، مافى بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمى کوردستان هەبێت."
بڕیارە لە 25ـى شوباتى 2024، هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان بکرێت، کە لەلایەن کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
بەگوێرەى خشتەى کارى کۆمیسیۆن بۆ ئامادەکارى ئەو هەڵبژاردنە، دەبووایە لە مانگى تشرینى دووەمدا دەرگەى تۆمارکردنى پارت و هاوپەیمانێتى و بەربژێرەکان بکرێتەوە، بەڵام پرسەکە دواخرا، کە بەگوێرەى زانیارییەکانى تۆڕى میدیایی رووداو دەکەوێتە سەرەتاى مانگى کانوونى یەکەمى 2023.
گوتەبێژى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند وادەى دیاریکراوى کردنەوەى دەرگەى تۆمارى پارت و هاوپەیمانێتى بەربژێران بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، بڕیارى ئەنجوومەنى کۆمیسیارانى ماوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ