رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و 10 وەزیری کابینەکەی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق سەرکەوتن، بەڵام سێ وەزیری دیکە دەنگی پێویستیان بەدەستنەهێنا کە یەکێکیان جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتە.
رۆژی 11-11-2025 هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو و ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 12-11-2025 کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکەی راگەیاند.
بەگوێرەی بە دواداچوونی تۆڕی میدیایی رووداو، جگە لە محەممەد شیاع سوودانی، 10 وەزیری کابینەکەی لەو هەڵبژاردنەدا دەرچوون، بەڵام سێ وەزیری دیکەیان دەرنەچوون کە یەکێکیان حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوتە کە سەرلیستی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بوو بە سەرۆکایەتیی نووری مالیکی لە پارێزگای بەسرە.
حکومەتی عێراق لە 23 وەزیر پێکهاتووە. لەم هەڵبژاردنەدا 13 وەزیر خۆیان بەربژێر کردبوو و تێیدا سەرۆکوەزیران و 10 وەزیر دەرچوون و 3 وەزیری دیکەش دەرنەچوون. 10 وەزیریش خۆیان بەربژێر نەکردبوو؛ هەر چوار وەزیرە کوردەکە خۆیان بەربژێر نەکردبوو.
بەگوێرەی ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردن، دەنگی سەرۆکوەزیرانی عێراق و وەزیرە دەرچووەکان بەم شێوەیە:
- محەممەد شیاع سوودانی، (92,477 دەنگ)، سەرۆکی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە گەشەپێدان.
- محەممەد علی محەمەد تەمیم جبووری، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری پلادانان ( 37,160 دەنگ)، سەرلیستی تەقەدووم لە کەرکووک.
- سابت محەممەد سەعید عەباسی، وەزیری بەرگری (19,920 دەنگ) سەرۆکی هاوپەیمانی حەسمی وەتەنی و سەرلیست لە نەینەوا.
- زیاد عەلی فازل، وەزیری کارەبا ( 17,776 دەنگ)، بەربژێری دەوڵەتی یاسا لە بەسرە.
- ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی (14,291 دەنگ)، بەربژێر لە هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان.
- ئیڤان فایەق یەعقوب، وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ( 13,128)، کۆتای کریستیان لە بەغدا، لە بزووتنەوەی بابلیون.
- هیام عەبوود کازم یاسری، وەزیری گەیاندن ( 10,240 دەنگ)، بەربژێری هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە بەغدا.
- رزارق محێبس، وەزیری گواستنەوە ( 93,62 دەنگ)، سەرلیستی رێکخراوی بەدر لە زیقار.
- ئیبراهیم نامس یاسن جبووری، وەزیری پەروەردە (9,083 دەنگ)، سەرلیستی تەفەوق لە سەلاحەدین. هەندێک میدیای عێراق باس لەوەدەکەن، دوای هەژماردن و جیاکردنەوەی دەنگی ئەو سندووقانەی ماون کورسییەکەی لەدەستداوە، بەڵام بە فەرمی پشتڕاست نەبووەتەوە و چاوەڕێی راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردن لەلایەن کۆمیسیۆنەوە دەکرێ.
- نەعیم عەبد یاسر عەبوودی، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی (8,803 دەنگ)، سەرلیستی بزووتنەوەی سادیقوون لە بەغدا.
- عەباس جەبر علیاوی، وەزیری کشتوکاڵ (6,171 دەنگ)، بەربژێری دەوڵەتی یاسا لە نەجەف.
ئەو سێ وەزیرانەیشی دەرنەچوون بریتین لە:
- ئەحمەد فەکاک، وەزیری رۆشنبیری، ( 7,201 دەنگ)، بەربژێری تەقەدووم لە نەینەوا.
- حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران بۆ کاروباری وزە و وەزیری نەوت (6,351 دەنگ)، سەرلیستی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە بەسرە.
- ئەحمەد محەممەد مبرقەع، وەزیری لاوان و وەرزش ( 4,652 دەنگ)، بەربژێری دەوڵەتی یاسا لە بەغدا.
هەر چوار وەزیرەکەی کورد خۆیان بەربژێر نەکردبوو:
- فوئاد حوسین، وەزیری دەرەوە.
- بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن.
- خالید شوانی، وەزیری داد.
- هەڵۆ عەسکەری، وەزیری ژینگە.
ئەم وەزیرانەش خۆیان بەربژێرنەکردبوو:
- تەیف سامی، وەزیری دارایی.
- عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆ.
- سالح حەسناوی، وەزیری تەندروستی.
- عۆن زیاب، وەزیری سەرچاوەکانی ئاو.
- ئەسیر داود سلمان، وەزیری بازرگانی .
- خالید بەتال، وەزیری پشەسازی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ