رووداو دیجیتاڵ
دەستەی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق، هۆشداریی دەدات لە دروستبوونی تەمێکی چڕ، کە کاریگەریی بۆ سەر عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت و لە هەندێک شوێن مەدوای بینین سفر دەبێت.
عامر جابری، گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی و بوومەلەرزانیی عێراق ئەمڕۆ دووشەممە 15-12-2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند،"بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی شێ و وەستانی با، لە ئەمشەو و بەرەبەیان و بەیانیی سبەی سێشەممەدا، تەمێکی چڕ زۆربەی ناوچەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، جگە لە بەشەکانی رۆژئاوا."
بەگوتەی عامری جابری، پێشبینی دەکرێت تەمەکە ببێتە هۆی کەمبوونەوەی زۆری مەودای بینینی ئاسۆیی، بەجۆرێک لە هەندێک ناوچەدا بگاتە خوار 1000 مەتر و لەوانەیە لە هەندێکی دیکەدا بگاتە سفر، بەتایبەتی لەسەر رێگەوبانە خێراکان و ناوچە کراوەکان.
ئەو بەرپرسەی دەستەی کەشناسی هۆشداری دەدات لە "دروستبوونی مەترسی و سەختی لە جووڵەی هاتووچۆ لەسەر رێگەوبانە خێراکان و کاریگەریی لەسەر جووڵەی گواستنەوە لە کاژێرەکانی سەرەتای بەیانیدا." داوا لە شوفێران دەکات پابەندی رێنماییەکانی هاتووچۆ و بەرگری شارستانی بن. پێشبینیش دەکات لە کاژێرەکانی نیوەڕۆدا وردە وردە چڕیی تەمەکە کەم ببێتەوە و مەودای بینینی ئاسۆیی بەشێوەیەکی رێژەیی باشتر بێتەوە.
لەبارەی بارانەوە، گوتەبێژی دەستەی کەشناسیی گوتی، نزمە پاڵپەستۆیەک لە رۆژهەڵاتی دەریای سپی ناوەڕاست رووی لە عێراق کردووە، سبەیش شەپۆلێكی دیکە لە دەریای سوورە دەگات، ئەگەری هەیە سبەی سێشەممە و چوارشەممە لە هەندێک ناوچەی هەرێمی کوردستان و عێراق بارانی مامناوەند ببارێت.
سەبارەت بە راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانیش لە فڕۆکەخانەکانی عێراق گوتی: "شتێکی ئاساییە بەهۆی تەمەوە گەشتەکان رابگیرێن، وەکو چۆن پێشتر روویداوە."
بە گوێرەی پێشبینییەکانی بەڕێوبەرایەتی گشتی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستانیش، ئەم تەمومژەی سەنتەری پارێزگای هەولێری گرتووەتەوە تاوەکو کاژێر 10:00ـی بەیانی رۆژی سێشەممە 16ـی کانوونی یەکەمی 2025 بەردەوام دەبێت، ئەمشەو کاریگەرییەکانی زیاتر دەبێت و مەودای بینین بۆ دوو کیلۆمەتر کەمتر دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ