رووداو دیجیتاڵ
عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان لە عێراق، لە چەند فەتوایەکی نوێدا رایدەگەیێنێت، قسەکردنی نێوان ژن و پیاو لە رێگەی بەرنامەکانی ئینتەرنێتەوە ئەگەر ببێتە هۆی کەوتنە ناو "حەرام" یان پەلکێشکردن بۆ کاری قەدەخە، دروست نییە.
رۆژی دووشەممە، 16ـی شوباتی 2026، نووسینگەی عەلی سیستانی زنجیرەیەک وەڵامی بۆ چەند پرسیارێکی شەرعی بڵاوکردەوە، کە تێیدا تیشک خراوەتە سەر چۆنیەتی پەیوەندییەکانی نێوان رەگەزی نێر و مێ لە جیهانی دیجیتاڵیدا.
سەبارەت بە گفتوگۆکردنی گەنجان (کچان و کوڕان) لەو بەرنامانەی ئینتەرنێت کە بۆ گفتوگۆی گشتی تەرخانکراون، مەرجەعی باڵای شیعەکان دەڵێت: "دروست نییە، ئەگەر دڵنیایی نەبێت لەوەی ناکەونە ناو حەرامەوە، یان ئەگەر کارەکە هەنگاو بە هەنگاو بەرەو حەرامیان بکێشێت".
لەبارەی دروستکردنی پەیوەندیی "هاوڕێیەتی" لەنێوان ژن و پیاودا لە رێگەی ئینتەرنێت و سۆشیال میدیاوە، لە فەتواکەدا بە کورتی هاتووە: "دروست نییە."
هەروەها سەبارەت بەو چاتانەی کە تەنیا بە شێوەی "نووسینن" لەنێوان کچان و کوڕاندا، عەلی سیستانی ئاماژەی بەوە کردووە، ئەو جۆرە گفتوگۆیانەش "جائیز نین" ئەگەر ترسی ئەوە هەبێت کەسی بەرامبەر پەلکێش بکات بۆ ناو کاری حەرام، تەنانەت ئەگەر ئەوە بە تێپەڕبوونی کات و بە پلەبەندییش بێت.
ئەم فەتوایانەی مەرجەعییەتی باڵا لەکاتێکدایە، بەکارهێنانی سۆشیال میدیا و بەرنامەکانی گفتوگۆ لەناو کۆمەڵگەی عێراقیدا بەشێوەیەکی بەرفراوان زیادی کردووە و زۆرجار ئەم بابەتانە لە رووی ئایینی و کۆمەڵایەتییەوە دەبنە جێگەی مشتومڕ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ