رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی دیالە دەستبەسەرداگرتنی تەنکەرێکی راگەیاند، کە دەیویست بە قاچاخ دەیان کرێکاری پاکستانی بۆ نێو پارێزگاکە بگوازێتەوە.
رۆژی دووشەممە، 16ـی شوباتی 2026، عەمید هەیسەم شەمەری، گوتەبێژی پۆلیسی دیالە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو کرێکارانە لە یەکێک لە پارێزگاکانی باکوورەوە هاتبوون، لە نێو تانکەرێکدا شاردرابوونەوە و لەسەر بنەمای زانیاریی هەواڵگری دۆزرانەوە و دەستگیرکران".
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، 47 هەزار کرێکاری بیانی لە عێراق تۆمارکراون و مۆڵەتی فەرمی کارکردنیان هەیە؛ ئەوانەی تۆمارنەکراون دەگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکانیان.
گوتەبێژی پۆلیسی دیالە رایگەیاند، ئەو تەنکەرە لە بازگەیەکی کاتی لە ناحیەی جەدید شەت دەستى بەسەردا گیراوە.
لە دوو ساڵدا حکومەتی عێراق 55 هەزار کرێکاری بیانی گەڕاندووەتەوە وڵاتەکانیان، بەهۆی ئەوەی بەشێوەیەکی نایاسایی کاریان کردووە، ئەو کرێکارانەی دەرکراون تاوەکو دوو ساڵی دیکە بۆیان نییە بێنەوە عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ