رووداو دیجیتاڵ
بڕیاربوو ئەمشەو لایەنە پێکهێنەرەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆببنەوە، بەڵام کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا؛ ئەوەش لەکاتێکدایە مشتومڕێکی زۆر لەسەر هێشتنەوە یان گۆڕینی نووری مالیکی وەک بەربژێری سەرۆکوەزیران لەئارادایە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی شوباتی 2026، هەریەک لە عەلی دیفاعی، گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و سەلام زوبەیدی، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نەسر، بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند: "ئەمشەو چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆنابێتەوە."
عەلی دیفاعی ئاماژەی بەوە کرد، بەشێوەیەکی ئاسایی کۆبوونەوەکانیان رۆژانی دووشەممە دەکرێت، بەڵام ئەمشەو کۆبوونەوەکە نەکرا و بۆ کاتێکی نادیار دواخراوە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، چەند رۆژێکە زنجیرەیەک کۆبوونەوەی دووقۆڵی و سێقۆڵی لەنێوان سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەڕێوەدەچێت. تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسایە، کە ئایا وەک بەربژێری پۆستی سەرۆکوەزیران دەمێنێتەوە یان جێگرەوەیەکی بۆ دیاری دەکرێت.
سەرچاوەیەک بە رووداوی راگەیاند، گفتوگۆکان لایەنەکانی دەرەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگیشیان گرتووەتەوە.
ئەم جموجۆڵانە دوای ئەوە دێن کە شەوی 17ـی کانوونی دووەمی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشداریی دایە عێراق و رایگەیاند، ئەگەر نووری مالیکی ببێتەوە بە سەرۆکوەزیران، واشنتن هاوکارییەکانی بۆ عێراق رادەگرێت.
ئەم هەڕەشەیەی ترەمپ، چوارچێوەی هاوئاهەنگیی دوودڵ کردووە، هەرچەندە دەوڵەتی یاسا سوورە لەسەر بەربژێرکردنی مالیکی. پێشتر لە 24ـی کانوونی دووەمدا، چوارچێوەی هاوئاهەنگی "بە زۆرینەی دەنگ" مالیکی وەک بەربژێر دیاری کرد، بەڵام رەوتی حیکمە و عەسائیبی ئەهلی حەق دەنگیان پێ نەدا.
سەباح ساڵحی، ئەندامی مەکتەبی جێبەجێکردنی رەوتی حیکمە بە رووداوی گوت: "جیدییەتێک لەنێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەیە بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی بەربژێری سەرۆکوەزیران، تەنانەت ئەگەر ئەوە پێویستی بە بڕیارێکی نوێش بێت."
ئەبو میساق مەساری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی رێکخراوی بەدر بە رووداوی راگەیاند، مانەوەی مالیکی پەیوەستە بە "بێهێزیی" بەربژێرە جێگرەوەکانی دیکە، چونکە هیچ کامیان رەزامەندیی هەموو لایەنەکانیان لەسەر نییە.
جگە لە مالیکی، ناوی محەممەد شیاع سوودانی و حەیدەر عەبادی وەک دیارترین بەربژێرەکان دەهێندرێت. مەساری گوتی: "مالیکی خۆی ئاماژەی بەوە داوە، ئەگەر زۆرینەی ئەندامانی ناو چوارچێوەکە داوای گۆڕینی بکەن، دەکشێتەوە."
رۆژی 13ـی شوباتی 2026، دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی واشنتنی رووداو، لەبارەی ڤیتۆی سەر مالیکی گوتی: "ئێمە بە وردی سەیری پرسی سەرۆکوەزیران دەکەین. با بزانین چی روودەدات. هەندێک بیرۆکەمان هەیە، بەڵام دواجار هەموو کەس پێویستی بە ئەمریکایە."
چاوەڕوان دەکرێت لە دوو رۆژی داهاتوودا چوارچێوەی هاوئاهەنگی کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز بکات بۆ بڕیاردان لەسەر ناوی کۆتایی بەربژێری گەورەترین فراکسیۆن بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ