فراکسیۆنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لیژنەکان دابەش دەکەن

16-03-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فراکسیۆنەکانی نێو ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بۆ دابەشکردنی سەرۆکایەتیی لیژنەکانی نێو ئەنجوومەنەکە لەگەڵ پارێزگاری نەینەوا کۆدەبنەوە.
 
ویسام سالم، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە هاوپەیمانیی یەکێتیی خەڵکی نەینەوا "یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان"، ئەمڕۆ شەممە بە رووداوی راگەیاند، لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن سەبارەت بە دابەشکردنی سەرۆکایەتیی لیژنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەمڕۆ فراکسیۆنەکانی نێو ئەنجوومەنەکە لەگەڵ عەبدولقادر دەخیل، پارێزگاری نەینەوا کۆدەبنەوە.  
 
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا 20 لیژنەی هەیە. لیژنەکان بەپێی گرنگییان دابەش دەبن بۆ لیژنەکانی ئەلف و با.
 
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەڵێت، "رۆژی 13ی ئاداری 2024 فراکسیۆنەکان لەبارەی دابەشکردنی سەرۆکایەتیی لیژنەکان کۆبوونەوە و هەمووان دیدگەی خۆیان خستووەتەڕوو. ئەمڕۆ ئەنجامی کۆبوونەوەکە و هەڵوێستی فراکسیۆنەکان لەگەڵ پارێزگاری نەینەوا باس دەکرێت بۆ ئەوەی بگەنە رێککەوتن لەبارەی دابەشکردنی سەرۆکایەتی لیژنەکان". 
 
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 29 ئەندام پێکهاتووە کە 3یان کۆتان. پارتی دیموکراتی کوردستان 4 ئەندام و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان 2 ئەندامیان لە ئەنجوومەنەکەدا هەیە.
 
رۆژی 5ی شوباتی 2024 لە یەکەم دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێی پارێزگای نەینەوادا، عەبدولقادر دەخیل بە زۆرینەی دەنگ بە پارێزگاری نەینەوا هەڵبژێردرا؛ ئەحمەد حاسوود بە سەرۆکی ئەنجوومەن و محەممەد جبووری بە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا هەڵبژێردران.
 
رۆژی 10ی شوباتی 2024 سیروان رۆژبەیانی، بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بە جێگری یەکەمی پارێزگاری نەینەوا هەڵبژێردرایەوە؛ هەروەها عومەر نامیق مۆلە لە لیستی ناسنامەی نیشتمانی بە سەرۆکایەتیی رەیان کلدانی بە جێگری دووەمی جێگری پارێزگاری نەینەوا هەڵبژێردرا.
 
ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا 29 کورسی هەیە، لەو ژمارەیە لە هەڵبژاردنی 18ـی کانوونی یەکەمی 2023، فراکسیۆنی نەینەوا لیئەهلیها 5 کورسی، پارتی دیموکراتی کوردستان 4 کورسی، هاوپەیمانیی عەقدی نیشتمانی و سیادە 3 کورسی، هاوپەیمانیی تەقەدووم 2 کورسی، حەسمی نیشتمانی 2 کورسی، هاوپەیمانیی حەدبا 2 کورسی، هەویەی وەتەنی 2 کورسی، ئتیحاد ئەهل نەینەوا 2 کورسی، عەزمی عێراق و حیزبی وەتەنی تەجدید یەکی کورسییەکیان بەدەستهێنا، جگە لەو سێ کورسییەی بۆ پێکهاتەکانی شەبەک، ئێزدی و کریستیان تەرخانکرابوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە