عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئیمارات لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان کرد. نووسینگەی سوودانی دەڵێت، هەردوولا ''بەتووندی'' سەرکۆنەی ئەو هێرشانەیان کرد کە کرانە سەر کونسوڵخانەی ئیمارات لە شاری هەولێر و جەختیان لە هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکانی ناوچەکە کردەوە.
رۆژی یەکشەممە، 15ـی ئاداری 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی ئەنجامدا و پرسی دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد.
بەپێی راگەیێندراوەکە، لە پەیوەندییەکەدا جەخت لەسەر پێویستیی بەردەوامیی هاوئاهەنگیی هاوبەشی عەرەبی و هەوڵەکان لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی کراوەتەوە، ئەوەش "بەمەبەستی سنووردارکردنی ئاڵۆزییەکان و کارکردن بۆ هەرچی زوو کۆتاییهێنان بە جەنگ، بۆ ئەوەی ناوچەکە لە گرژیی زیاتر و ناسەقامگیری بەدوور بێت."
تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆی نێوان سوودانی و سەرۆکی ئیمارات تایبەت بووە بە رووداوەکانی هەرێمی کوردستان و هێرشکردنە سەر نێردە دیپلۆماسییەکان. نووسینگەی راگەیاندنی سوودانی دەڵێت، "لە پەیوەندییەکەدا جەخت لە رەتکردنەوە و سەرکۆنەکردنی ئەو هێرشانە کرایەوە کە کرانە سەر کونسوڵخانەی دەوڵەتی ئیمارات لە شاری هەولێر."
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، هەردوولا هاوڕابوون لەسەر کارکردن بۆ بەهێزکردنی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ راگرتنی کارە سەربازییەکان و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ، "بە ئامانجی چەسپاندنی سەقامگیری لە ناوچەکە و پاراستنی ئاسایش و سامانی گەلان."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ