رووداو دیجیتاڵ
فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، وەڵامی هەڕەشەی ژمارەیەک فراکسیۆنی نێو پەرلەمانی عێراق دایەوە لەبارەی روونکردنەوەکانی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان. داوا لە بەغدا دەکات "رێز لە مافە دەستوورییەکان بگرێت و واز لە پێشێلکردنیان بهێنێت."
بەهۆى جەنگى ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل، لە 28ى شوباتەوە هەناردەى نەوتى عێراق لەرێگەى کەنداو راگیراوە. رۆژی یەکشەممە، 15ی ئاداری 2026، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "داوامان لە برایانمان لە هەرێمی کوردستان کردووە رەزامەندی بدەن لەسەر هەناردەکردنی نەوتی خاو لە رێگەی ئەو بۆرییەی کە بە بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا دەبەسترێتەوە. بڕی پێشنیازکراویش بۆ هەناردەکردن لە نێوان 250 بۆ 300 هەزار بەرمیل نەوتە لە رۆژێکدا."
هەر ئەمڕۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا کە بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکانەوە بەرهەمهێنانی نەوت وەستاوە و بەغداش ئامادە نییە رێگری لەو گرووپانە بکات. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی ژمارەیەک لە فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی عێراق هەڕەشە بکەن.
لەمبارەیەوە، درەنگی شەوی رابردوو. فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: "دوابەدوای ئەو روونکردنەوەیەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە راگەیێندراوی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، ژمارەیەک فراکسیۆنی ئەنجوومەنی نوێنەران بەیاننامەیان بڵاوکردەوە کە هەڕەشە و هۆشداری لەخۆگرتبوو."
فراکسیۆنی پارتی دەشڵێت، بۆیە بۆ هەموو لایەکی روون دەکەینەوە کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕیووە بۆ بەشداریکردنی تیمە تەکنیکییە تایبەتمەندەکان لە دانوستاندنی بەپەلە و دەستبەجێ بۆ چارەسەرکردنی خاڵە هەڵپەسێردراوەکانی ناکۆکی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی گەیشتن بە چارەسەری خێرا کە خزمەت بە بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی وڵات بکات.
راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە کە دانیشتنەکە کاژێر 21:00ی رۆژی 17ی ئاداری 2026 دەکرێت. لەو دانیشتنەدا میوانداریی ئەم بەرپرسانە دەکرێت:
- حەیان عەبدولغەنی، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری نەوتی عێراق.
- کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
- بریکارانی وەزارەتی نەوت بۆ کاروباری دەرهێنان و دابەشکردن.
- بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ).
فراکسیۆنی پارتی رووی دەمی دەکاتە حکومەتی فیدراڵی عێراق و دەڵێت: "حکومەتی هەرێمی کوردستان رێز لە دەستوور دەگرێت و پابەندە بە دەستوور، چاوەڕوانیش دەکات بەغدا رێز لە مافە دەستوورییەکانی بگرێت و واز لە پێشێلکردنیان بهێنێت."
فراکسیۆنی پارتی باسی مادەیەکی دەستووری دەکات لەبارەی بەڕێوەبردنی سامانی وڵات و دەشڵێت: "وەک لە مادەی (112)ی دەستووری عێراقدا هاتووە: "حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمەکان و پارێزگا بەرهەمهێنەرەکان پێکەوە سیاسەتە ستراتیژییە پێویستەکان بۆ پەرەپێدانی سامانی نەوت و گاز بە شێوەیەک دادەڕێژن کە بەرزترین قازانج بۆ گەلی عێراق بەدەستبهێنێت، بە وەرگرتنی نوێترین تەکنەلۆژیا و بنەماکانی بازاڕ و هاندانی وەبەرهێنان."
ئەوەشی خستووەتەڕوو کە "جەخت لەسەر وشەی "پێکەوە" دەکەینەوە، چونکە بە روونی ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەم دەسەڵاتە تایبەت نییە بە حکومەتی فیدراڵی، وەک هەندێک لەو فراکسیۆنانە بانگەشەی بۆ دەکەن. بۆیە بەپەلە داوا لە حکومەتی فیدراڵی دەکەین لەبری دەرکردنی راگەیێندراوی هەڕەشەئامێز کۆبوونەوەی دەستبەجێ بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان ئەنجامبدات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ