رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رەتیکردەوە هێزی بیانی لە بەنداوی مووسڵ دا هەبێت و دەڵێت: "هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەیپارێزن."
یەکشەممە 15ی ئاداری 2026، وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لە راگەیێنراوێکدا ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن هێزی سەربازیی بیانی لە بەنداوی مووسڵدایە و رایگەیاند، "ئەو دەنگۆیانە دوورن لە راستییەوە".
ئەو وەزارەتە رایگەیاندووە، ئەو هێزەی بەنداوی مووسڵ دەپارێزێت عێراقییە و فەوجێکی دەزگای دژە تیرۆر بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی دیکەی دەوروبەری ئەو بەنداوە دەیپارێزن، کە پێکهاتوون لە سوپا، پۆلیس، حەشدی شەعبی و ئاسایشی نیشتمانی.
ئەو روونکردنەوەیە دوای ئەوە هات کە گرووپی "ئەسحابولکەهف"، کە یەکێکە لە گرووپەکانی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق، لە 13ی ئاداردا هۆشداریی دایە هێزەکانی دژە تیرۆری عێراق بۆ دەرکردنی هێزێکی سەربازیی ئەمریکا کە گوایە لە بەنداوی مووسڵدان و کارمەندی دەزگای هەواڵگریی ئیسرائیل (مۆساد)یان لەگەڵدایە؛ هەڕەشەی ئەوەشی کردبوو ئەگەر ئەو کارە نەکرێت، بە درۆن و مووشەک هێرش دەکرێتە سەریان.
لە دوای دەستپێکردنی جەنگی ئێران لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتەوە، گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە پاساوی بوونی بنکەکانی ئەمریکا، هێرشیان کردووەتە سەر چەند پێگەیەک لەنێو عێراق و هەرێمی کوردستان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ