رووداو دیجیتاڵ
فراکسیۆنی سادیقوون کە سەر بە عەسائیبی ئەهلی حەقە، بۆ پرسى هەناردەى نەوت لە رێگەى بەندەرى جەیهانى تورکیاوە پەنا بۆ دادگەی باڵای فیدراڵی دەبات. فراکسیۆنەکەی محەممەد شیاع سوودانیش رایگەیاند، هەناردەی نەوت بەگوێرەی دەستوور لە دەسەڵاتی حکومەتی فیدراڵییە.
ئەو کاردانەوانە لە دوای دوو راگەیێندراوی وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوون لەبارەی داواکاریی بەغدا بۆ هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە.
بە گوتەی وەزارەتی نەوتی عێراق، "وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رەتیکردووەتەوە کە هەناردە دەستپێبکاتەوە و چەندین مەرجی داناوە کە هیچ پەیوەندییان بە بابەتی هەناردەکردنی نەوتەوە نییە."
وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە شەش خاڵ وەڵامی ئەو راگەیێنراوەی وەزارەتی نەوتی دایەوە و رایگەیاند: "بەغدا راستییەکانی چەواشە کردووە."
فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە پەرلەمانی عێراق، کە محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکایەتیی دەکات، رایگەیاند، هەناردەی نەوت بەگوێرەی دەستوور لە دەسەڵاتە تایبەتەکانی حکومەتی فیدراڵییە.
ئەو فراکسیۆنە داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە دوایین هەڵوێستی بچێتەوە و درک بە لێکەوتەکانى بکات و پابەند بێت بە ناوەندێتیی بڕیارەکانی حکومەتی فیدراڵی.
ئەو هەڵوێستەی فراکسیۆنی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە دوای روونکردنەوەیەکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو لەبارەی داوای بەغدا بۆ هەناردەکردن لە رێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا.
وەزارەتی سامانە سروشتییەکان رایگەیاند، بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکانەوە بەرهەمهێنانی نەوت وەستاوە و بەغداش ئامادە نییە رێگرییان لێ بکات، لە هەمان کاتدا دووپاتی دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان چەندین جار داوای گفتوگۆی بونیاتنەری کردووە، بەڵام پشتگوێ خراوە و "هەوڵدراوە ئەجێندای نادەستووری لەسەر هەرێم بسەپێندرێت." هاوكات ئامادەیی خۆی بۆ کۆبوونەوەی تیمە پسپۆڕەکان دەربڕی بۆ گەیشتن بە ئەنجامێک کە "هەموو عێراق لێی سوودمەند بێت و کوردستانیش چیتر ستەمی لێ نەکرێت."
فراکسیۆنەکەی سوودانی ئاماژەی بەوەش داوە کە جێبەجێکردنی سیستمی ئەسیکۆدا رێکارێکە کە جێگەی پابەندبوونە بەگوێرەی مادەی 80ی دەستوور، بۆ ئەوەی لە سەرجەم دەروازە سنوورییەکان جێبەجێ بکرێت، بە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانیشەوە.
یەکێک لە داواکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێگەدان بە هەناردەی نەوت لە رێگەی بۆرییەکانیەوە، ئەوەیە رێکارەکانی حکومەتی فیدراڵی لە رێگەی سیستمی ئەسیکۆدا لەسەر بازرگانانی هەرێمی کوردستان هەڵبگیرێت تاوەکو بتوانن دەستیان بە دۆلاری بانکی ناوەندیی عێراق بگات.
فراکسیۆنی سادیقوون لە پەرلەمانی عێراق، کە باڵی سیاسیی بزووتنەوەی عەسائیبی ئەهلی هەقە، رەخنەی لە مەرجەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان گرت لەبارەی داواکاریی بەغدا بۆ هەناردەی نەوت لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندیدارە بە سیستمی ئەسیکۆدا.
ئەو فراکسیۆنە رایگەیاند، دەستی کردووە بە رێکارە یاساییەکان بۆ پێشکێشکردنی سکاڵا لە دادگەی باڵای فیدراڵی بۆ تانەدان لەوەی فراکسیۆنەکە بە "دروستکردنی بەربەست بۆ هەناردەی نەوتی عێراق" ناوی بردووە.
بزووتنەوەی بابلیون، کە رەیان کلدانی ئەمینداری گشتییەتی، رایگەیاند: نەوت و گاز موڵکی هەموو گەلی عێراقە و بۆ هیچ لایەن و حکومەتێک نییە دوور لە دەوڵەتی فیدراڵی و دامەزراوەکانیدا مامەڵەی پێوە بکات.
ئەو بزووتنەوەیە رایگەیاند، پاڵپشتیی هەر سکاڵایەک دەکات کە لەو بوارەیەدا پێشکێش بە دادگەی باڵای فیدراڵی بکرێت.
پارتی تەقەدووم کە محەممەد حەلبووسی سەرۆکایەتی دەکات، دانانی مەرج بۆ هەناردەکردنی نەوتی عێراق لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە رەتدەکاتەوە وەک جێگرەوەیەکی پێویست لە سایەی ئەو تەنگژانەی ئێستا ناوچەکە پیایدا تێپەڕ دەبێت.
لە بەرامبەردا، فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، وەڵامی هەڕەشەی ئەو فراکسیۆنانەی دایەوە و داوا لە بەغدا دەکات "رێز لە مافە دەستوورییەکان بگرێت و واز لە پێشێلکردنیان بهێنێت."
درەنگی شەوی رابردوو. فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "دوابەدوای ئەو روونکردنەوەیەی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە راگەیێندراوی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، ژمارەیەک فراکسیۆنی ئەنجوومەنی نوێنەران بەیاننامەیان بڵاوکردەوە کە هەڕەشە و هۆشداری لەخۆگرتبوو."
فراکسیۆنی پارتی دەشڵێت، بۆیە بۆ هەموو لایەکی روون دەکەینەوە کە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ئامادەیی تەواوی خۆی دەربڕیووە بۆ بەشداریکردنی تیمە تەکنیکییە تایبەتمەندەکان لە دانوستاندنی بەپەلە و دەستبەجێ بۆ چارەسەرکردنی خاڵە هەڵپەسێردراوەکانی ناکۆکی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی گەیشتن بە چارەسەری خێرا کە خزمەت بە بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی وڵات بکات.
هەڵوێستی ئەو فراکسیۆنانە دوو رۆژ بەر لە ئەنجامدانی دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراقە بە بەشداریی وەزیرانی نەوتی فیدراڵ و سامانە سروشتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی ئەو پرسە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ