رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق رایگەیاند، گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکانی فڕۆکەخانەی بەسرە لەگەڵ شارەکانی شەش وڵات لە سبەیەوە ئاسایی دەبێتەوە.
بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران کە لە بەیانیی رۆژی 13ـی حوزەیرانەوە دەستیپێکرد، گەشتە ئاسمانییەکانی عێراق بەشێوەیەکی کاتی راگیران. دواتر گەشتەکانی فڕۆکەخانەی بەسرە بەشێوەیەکی سنووردار دەستیانپێکردەوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2025، بەنگین رێکانی، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی عێراق کە هاوکات سەرۆکی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراقە لە تۆڕی ئێکس پەیامێکی لەبارەی گەشتەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە لە فڕۆکەخانەی بەسرە بڵاوکردەوە.
بەنگین رێکانی لە پەیامەکەیدا رایگەیاند، لە سبەیەوە (سێشەممە) 17ـی حوزەیرانی 2025، گەشتە فڕۆکەوانییەکانی هێڵی ئاسمانیی عێراقییە بۆ چوون و هاتن لە فڕۆکەخانەی بەسرە بۆ دێلهی و بۆمبای هیندستان؛ ئەنقەرە، ئیستەنبووڵ، ترابزۆن و ئەنتاڵیا-ی تورکیا؛ بەیرووت، بەحرەین، دوبەی و قاهیرە بەشێوەیەکی ئاسایی دەستپێدەکاتەوە.
بەنگین رێکانی ستایسی هەوڵ و کۆششی وەزارەتەکانی گواستنەوە و گەیاندن، وەزارەتی دەرەوە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، هێڵی ئاسمانیی عێراقییە کرد کە لەم دۆخە هەستیارەدا ئەرک و رۆڵی زۆر چاکیان ئەنجامدا بۆ گواستنەوە و گەڕاندنەوەی هاووڵاتییان بۆ عێراق و هەموو جۆرە ئاسانکارییەکی دیکە بۆ گەشتکردنی هاووڵاتییان و رەوەندە بیانییەکانی دیکە لە عێراق.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ