سوودانی هاوسۆزیی عێراق بۆ ئێران دووپات دەکاتەوە و هۆشداری لە فراوانبوونی جەنگ دەدات

16-06-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

محەممەد شیاع سودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ژمارەیەک باڵیۆز، هاوسۆزی عێراقی بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران دووپات کردەوە و بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی  ئیسرائیلی کرد؛ هاوکات داوای کرد گرژییەکان کەم بکرێنەوە و رێگە لە فراوانبوونی جەنگ لە ناوچەکەدا بگیرێت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەکەی، سوودانی ئەمڕۆ دووشەممە 16ی حوزەیرانی 2025 پێشوازی لە باڵیۆزانی وڵاتانی ئاسیا، ئەمریکای لاتین، ئوسترالیا و تورکیا کردووە. 
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاندووە، حکومەتی ئیسرائیل دان بە یاسا نێودەوڵەتییەکاندا نانێت و لە دوای 7ی ئۆکتۆبەرەوە "تاوان و کۆمەڵکوژی" ئەنجام دەدات؛ هەروەها گوتویەتی، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە پاراستنی ئاشتی و ئاسایش شکستی هێناوە.
 
سوودانی جەختی کردوەتەوە کە عێراق هانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ئەمریکا دەدات رۆڵی کارا بگێڕن لە راگرتنی ئەم جەنگە.
 
سەبارەت بە ئێران، سەرۆکوەزیرانی عێراق تەواوی هاوسۆزی عێراقی بۆ ئێران دەربڕیوە و بە وڵاتێکی گرنگی هەرێمی و خاوەن سەروەری ناوی بردووە. 
 
سوودانی سەرکۆنەی هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر ئێران کردووە و بە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکەی لە قەڵەمی داون؛ هەر جۆرە پێشێلکارییەکی سەر سەروەری وڵاتەکەیشی رەتکردوەتەوە و گوتویەتی، سکاڵایان لە نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمار کردووە.
 
سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتویەتی، ئێران مافی خۆیەتی بەگوێرەی یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرگری لە خۆی بکات؛ ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئیسرائیل هەوڵ دەدات جەنگ فراوانتر بکات بۆ ئەوەی "نەخشەی نوێی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست" دابڕێژێتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە