رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق وردبینیی ناوی بەربژێرانی تەواوکرد و رەوانەی لایەنە پەیوەندارەکانی کرد بە مەبەستی لێکۆڵێنەوە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، 16ـی تەممووزی 2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆمیسیۆن وردبینی لە ناوی بەربژێرانی هاوپەیمانی و پارت و بەربژێرانی تاک و کۆتای تەواوکردووە و رەوانەی لایەنە پەیوەندارەکانی کردووە.
دەرگەی خۆبەربژێرکردن لە 25ـی مانگی ئایار کرایەوە و 26ـی حوزەیران دوا وادە بوو بۆ پێشکێشکردنی بەربژێری هاوپەیمانی و پارتەکان.
گوتەبێژی کۆمیسیۆن گوتی: "پێویستە لایەنە پەیوەندارەکان لە 15 رۆژدا وەڵامی کۆمیسیۆن بدەنەوە، دواتر ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ناوی بەربژێرەکان پەسند دەکات".
زیاتر لە 7900 کەس خۆیان بەربژێر کردووە.
کۆمیسیۆن ناوەکان بۆ پشکنینی شایستەیی رەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە کە بریتین لە وەزارەتەکانی بەرگری، ناوخۆ، پەروەردە و خوێندنی باڵا، ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، دەستەی دەستپاکی، دەستەی لێپرسینەوە و دادپەروەری، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەڵگە و تاوان، لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی هەرێمی کوردستان.
بڕیارە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت. پەرلەمانی عێراق لە 329 کورسی پێکهاتووە 320یان گشتی و 9یەکەی دیکە کۆتان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ