قاسم ئەعرەجی بۆ باڵیۆزخانەی ئەمریکا: سیاسەتەکانمان هەڵقوڵاوی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانمانن

16-08-2025
مالیک محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

قاسم ئەعرەجی لەگەڵ ستیڤن فەیگن، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق کۆبووەوە و بەگوێرەی نووسینگەی راگەیاندنی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، قاسم ئەعرەجی وردەکارییەکانی ئەو یاداشتنامە ئەمنییەی خستەڕوو کە لەگەڵ ئێران واژۆیان کردووە.
 
نووسینگەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بڵاویکردەوە، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ لەبارەی "رێگەکانی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دۆست و گرنگیی بەردەوامبوونی هاریکاریی هاوبەش لە بواری رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ئاڵوگۆڕی زانیاری و شارەزایی کرا".
 
11-08-2025 یاداشتنامەی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەلایەن قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق و عەلی لاریجانی، سکرتێری گشتیی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران لە بەغدا واژۆکرا.
 
بەگوێرەی نووسینگەکەی، لە دیدارەکەدا قاسم ئەعرەجی وردەکارییەکانی ئەو یاداشتنامە ئەمنییەی خستەڕوو کە تایبەتە بە کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان؛ ئاماژەی بەوەش داوە، "ئەو یاداشتنامەیە یارمەتیدەر دەبێ لە پشتگیریکردنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە و رێگریکردن لە قاچاخچێتی و دزەکردن".
 
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق جەختی لەوە کردووەتەوە کە "عێراق سیاسەتەکانی هەڵقوڵاوی بەرژەوەندییە باڵا نیشتمانییەکانی خۆیەتی و وەک دەوڵەتێکی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری مامەڵە دەکات."
 
قاسم ئەعرەجی گوتوویەتی: "حکومەتی عێراق پەیوەندیی هاوسەنگی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و جیهان هەیە و لە سیاسەتی کرانەوەی دیپلۆماسییانە بەڕووی وڵاتانی دۆست بەردەوامە".
 
نووسینگەی راگەیاندنی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق "پشتگیریی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای بۆ سیاسەتە هاوسەنگەکانی حکومەتی عێراق لە پەیوەندییە نێوخۆیی و دەرەکییەکانی دووپاتکردەوە."
 
وەک نووسینگەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی ئاماژەی پێداوە، کاربەڕێکەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا ستایشی هەوڵەکانی عێراقی لەبارەی گەڕاندنەوەی هاووڵاتییانی دانیشتووی کەمپی هۆلی رۆژئاوای کوردستانی کردووە و رایگەیاندووە: "لە داهاتوویەکی نزیکدا کۆنفرانسێکی نێودەوڵەتی لە نیویۆرک بەڕێوەدەچێ بۆ هاندانی وڵاتان تاوەکو هاووڵاتییەکانیان لە کەمپی هۆلی سووریا بگەڕێننەوە و ئەم دۆسیەیە بە تەواوی کۆتایی پێبهێندرێ".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە