رووداو دیجیتاڵ
کاتی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دیار نییە. بە گوتەی بەڕێوەبەری کۆمپانیای نەوتی باکوور، ئامادەکاری تەواو بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت کراوە و ئەمڕۆش کارمەندی دیکەیان لە بەندەری جەیهان داناوە.
ئەمڕۆ شەممە، 16ـی ئابی 2025، عامر خەلیل، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەمڕۆ 13 کارمەندی کۆمپانیاکەمان ناردە بەندەری جەیهانی تورکیا، ئەوەش وەک زیادکردنی پاڵپشتیی لۆجیستی بۆ ئەو کارمەندانەی لەوێ جێگیرمان کردبوون."
بە گوێرەی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور، ئێستا 21 کارمەندی کۆمپانیاکەیان لە بەندەری جەیهانن.
بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای نەوتی باکوور گوتی: "چوونی ئەو کارمەندانە پەیوەندی بە گفتوگۆکردن لەگەڵ تورکیا نییە و پێشتر لەگەڵ تورکیادا بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت رێککەوتووین."
14ی ئەم مانگە، عامر خەلیل، کە خۆی سەرۆکایەتیی شاندی وەزارەتی نەوتی عێراقی لە دوایین کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان کرد، بە رووداوی گوت: "وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان پێی راگەیاندین، هێشتا لەگەڵ کۆمپانیاکانی نەوت نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی. بڕیارە رۆژی شەممە لەگەڵ کۆمپانیاکان کۆببنەوە. ئێمەش چاوەڕێی ئەنجامی کۆبوونەوەکە دەکەین."
عامر خەلیل ئەمڕۆ شەممە گوتی: "بڕیاربوو ئەمڕۆ کۆبوونەوەکە بکرێ و نازانین بۆچی وەڵاممان نەدراوەتەوە. چاوەڕێی وەڵامی سامانە سرووشتییەکانین بۆ هەناردەکردنەوەی نەوت و ئامادەیی تەواومان کردووە، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ هیچ وەڵامێکمان بەدەست نەگەیشتووە."
21ی تەممووز، تورکیا بڵاویکردەوە، رێککەوتنی بۆریی گواستنەوەی نەوتی خاوی نێوان تورکیا و عێراق، کە لە ساڵی 1973ـوە کاری پێدەکرێت، لە ساڵی 2026 کۆتایی دێت.
لە رێککەوتنەکەی ئێستا، بە گوێرەی بڕی نەوتی گوێزراوە، عێراق پارە بە تورکیا دەدات، بەجۆرێک عێراق چەند نەوتی زیاتر بنێرێ، نرخی گواستنەوەی هەر بەرمیلێک کەمتر دەبێتەوە (لەنێوان 1.18 دۆلار و 0.90 دۆلار).
لەبارەی داواکارییەکانی تورکیا بۆ رێککەوتنی نوێ، عامر خەلیل باسی لەوە کرد کە "تورکیا چەند داواکارییەکی هەن، دیارترینیان زیادکردنی بڕی کرێی بۆرییەکەیە بۆ دوو دۆلار یان زیاتر بۆ هەر بەرمیلێک، چونکە ئەوان دەڵێن رێککەوتنی پێشووتر بەگوێرەی دۆخی ئەوکات بووە و ئێستا پێویستی بە نوێکردنەوەیە."
ئاماژەی بەوەش کرد: "لیژنەیەک لە وەزارەتی نەوت پێکهێندراوە و لە چەند رۆژی داهاتوودا لەسەر ئەو پرسە گفتوگۆکانیان لەگەڵ حکومەتی تورکیا دەستپێدەکەن" و دڵنیاییشی دا لەوەی، "رێککەوتنەکە نوێ دەکرێتەوە."
دادگەی نێوبژیوانی لە پاریس رۆژی 18ی شوباتی 2023 لەسەر سکاڵایەکی عێراق بڕیاری دا و رایگەیاند، تورکیا لە ساڵی 2014 بۆ 2018 بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان بێ مۆڵەتی عێراق، رێککەوتنێکی ساڵی 1973ی پێشێلکردووە، بۆیە بڕیاریدا تورکیا 1.9 ملیار دۆلار قەرەبوو بە عێراق بدات.
هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەک لە وەزارەتی نەوتی عێراق بە رووداوی گوت، یەکێک لە داواکارییەکانی تورکیا بۆ نوێکردنەوەی ئەو رێککەوتنە "سازشکردنی عێراقە لەو بڕەی دادگەی پاریس وەک قەرەبوو سەپاندوویەتی بەسەر تورکیادا."
ئەو رێککەوتنەی نێوان عێراق و تورکیا بۆ یەکەمجار رۆژی 27ـی ئابی 1973 لەنێوان هەردوو وڵات واژۆ کرا، رۆژی 22ـی نیسانی 1975 بە بڕیاری ژمارە 7/9843 لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیا خرایە واری جێبەجێکردنەوە. بە درێژایی ساڵان لە رێگەی چەندین پرۆتۆکۆلی جیاوازەوە نوێکراوەتەوە. دواجار لە ساڵی 2010 بۆ 15 ساڵی دیکە درێژکرایەوە کە لە ساڵی 2025 کۆتایی دێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ