رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا رایدەگەیێنێت، هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بە ئامادەبوونی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق کۆبووەتەوە و دابەشکردنی وەزارەتەکانیان لەنێوان پێکهاتەکان تاوتوێکردووە. بە گوتەی ئەو ئەندامەی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، سەرۆککۆمار سێ جێگری دەبێت و سەرۆکوەزیرانیش هیچ جێگرێکی نابێت.
رۆژی یەکشەممە 16-10-2022، جاسم محەممەد جەعفەر، وەزیری پێشووی وەرزش و لاوان و ئەندامی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا و کەسایەتی نزیک لە نووری مالیکی، میوانی بوولتەنی هەواڵەکانی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات. لەبارەی هەنگاوەکانی محەممەد شیاع سوودانی بۆ پێکهێنانی حکومەت رایگەیاند: "شەوی رابردوو دیدارێکی دوور و درێژی لەنێوان سەرجەم لایەنەکانی نێو هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت هەبوو بۆ دانانی نەخشەڕێگەیەک بۆ دابەشکردنی پۆستە وەزارییەکان و هەموو ئەو پۆستانەی دیکە لەنێوان هەموو لایەنەکانی نێو حکومەتی داهاتوو."
بە گوتەی جاسم محەممەد، بەپێی ئەو نەخشەڕێگەیەی کە داڕێژراوە، پێکهاتەی کابیەنەکە لە "23 وەزیر پێکدێت، 12 وەزیریان بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەبێت، ئەوانی دیکەش بۆ کورد و سوننە، وەزارەتێک یان دوو وەزارەتیش رەنگە بۆ تورکمان و مەسیحییەکان بێت یان هەریەکەیان وەزارەتێکیان هەبێت."
سەبارەت بە رێکاری دابەشکردنی پۆستەکانیش، ئەندامەکەی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا گوتی: "پشت بە ژمارەی کورسییەکانی هەر لایەنێک دەبەسترێت، بۆ نموونە ئەگەر گەیشتە 50 کورسی ئەوا 4 وەزارەتی دەبێت. ئەوانەی 10 کورسی و کەمتر و زیاتر لە 10 کورسیان هەبێت پۆستێکیان دەبێت، واتە پۆستەکان و وەزارەتەکان بەو شێوەیە دابەشکراون. جێگری سەرۆککۆمار و وەزارەتی سیادی و پۆستی سیادی ئەمانە هەریەکەیان کێشیان زیاترە، واتە کورسی زیاتر دەبەن بەراورد بە پۆستی دیکە."
جاسم محەممەد بە دووری زانی سەرۆکوەزیران لەو کابینەیە جێگری هەبێت و دەڵێت: "پێشبینی ناکەم سەرۆکوەزیران جێگری هەبێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە سەرۆککۆمار 3 جێگری دەبێت. کاتێک سەرۆککۆمار کورد دەبێت، جێگرێکی سوننە و جێگرێکی شیعەی دەبێت. لە سەردەمی سەرۆککۆماری پێشووش بەو شێوەیە بوو، بەڵام بەڕێز بەرهەم ساڵح ئەم رێککەوتنەی جێبەجێ نەکرد لەنێوان لایەنە سیاسییەکاندا."
سەبارەت بە کارنامەی کابینەکە و چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پرسی بودجە، پێشمەرگە، ماددەی 140، شنگال و کۆمەڵێک کێشەی دیکە کە لە ماوەی رابردوودا هەبووە، جاسم محەممەد ئاماژە بەوە دەدات: "محەممەد شیاع سوودانی دەتوانێت چارەسەر بۆ کێشەکان بدۆزێتەوە، بەڵام ئەگەر قووڵ ببنەوە و بچینە کێشەکانی دوای ساڵی 2003ـەوە تائێستا، ئەوا نە ئەو حکومەتە و نە حکومەتەکانی داهاتووش ناتوانن هەموو کێشەکان چارەسەر بکەن، چ ئەو قەرزانەی حکومەتی فیدراڵی لەسەر هەرێم[ـی کوردستان] هەیەتی و چ بە پێچەوانەوە."
سەبارەت بەوەش کە محەممەد شیاع سوودانی بەنیاز نییە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات بۆ گفتوگۆ بۆ پێکهێنانی حکومەتەکەی. ئەندامەکەی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا گوتی: "لە کۆبوونەوەکەی دوێنێ نوێنەرانی هەرێمی کوردستانیش ئامادەبوون، ئایا پێویستە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات؟ ئەوە محەممەد شیاع سوودانی خۆی دەزانێت. پێموایە ئەگەر کێشەیەک هەبوو (کە پێموانییە تائێستا کێشە هەبێت)، رەنگە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ