رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، پلانی کشتوکاڵی هاوینەی ساڵی 2026 پەسند کراوە و لە 20ی حوزەیرانەوە دەستپێدەکات. بەگوێرەی پلانەکە، پشکی شێر بۆ چاندنی برنج تەرخان کراوە و وەزارەتەکەش پابەندی خۆی بە دابینکردنی ئاوی پێویست دووپات دەکاتەوە.
رۆژی شەممە، 23ـی ئایاری 2026، وەزیرانی سەرچاوە ئاوییەکان و کشتوکاڵی عێراق کۆبوونەوە و پلانی کشتوکاڵی هاوینەیان بۆ ئەم ساڵ پەسند کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە، پلانەکە زەویوزاری بەشێکی زۆر لە پارێزگاکان دەگرێتەوە و بڕیاردراوە بە:
- چاندنی 361 هەزار و 900 دۆنم زەوی بە برنج.
- چاندنی سەوزەی هاوینە و گەنمەشامی.
- دەستپێکردنی چاندن لە رێککەوتی 20ی حوزەیرانی 2026.
مەهدی قەیسی، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، پار بەهۆی کەمبارانییەوە هیچ پلانێکیان بۆ چاندنی برنج نەبووە، بەڵام ئەم ساڵ بەهۆی زۆری رێژەی بارانبارین و پڕبوونەوەی کۆگەکانی ئاو، چاوەڕوان دەکرێت پلانەکە "بەباشی" سەربگرێت و چاوەڕێی بەرهەمێکی زۆریش دەکەن.
مەهدی قەیسی گوتی، "پشکی شێر لە چاندنی برنج بەر پارێزگای نەجەف دەکەوێت و زۆرترین رووبەری زەوی لەوێ بە برنج دەچێنرێت، دواتریش پارێزگاکانی دیوانییە، موسەننا، بابل، ناسرییە، دیالە و مەیسان دێن."
لەبارەی بەرهەمەکەشەوە بریکارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوە کرد، دوای دروێنەی برنجەکە، وەزارەتی بازرگانی "بە نرخێکی گونجاو" لە جووتیارانی دەکڕێت.
موسەننا تەمیمی، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، "وەزارەت پابەندە بە دابینکردنی بڕی پێویستی ئاو بۆ سەرکەوتنی ئەم پلانە، بە جۆرێک کە لەگەڵ یەدەگی ئاو و داهاتی ئاودا بگونجێت." ئاماژەی بەوەش کرد کە بەرنامەیەکی تۆکمە بۆ بەڕێوەبردن و دابەشکردنی ئاو لە نێوان پارێزگاکاندا داڕێژراوە، تاوەکو دادپەروەری لە دابەشکردنی پشکەکاندا هەبێت.
وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان گوتیشی، "دەبێت رێگری لە بەفیڕۆدانی ئاو بکەین، ئەمەش لەپێناو بەرزکردنەوەی توانای بەکارهێنانی سەرچاوە ئاوییەکانە لەژێر سایەی ئەو ئاڵنگارییانەی گۆڕانی کەشوهەوا کە عێراق لە ساڵانی رابردوودا رووبەڕووی بووەتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ