رووداو دیجیتاڵ
سێ فەرمانبەری هەرێمی کوردستان، لە دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵایان لەسەر سەرۆکوەزیرانی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە و داوا دەکەن دادگەکە بڕیارێکی بەپەلە دەربکات بۆ ئەوەی حکومەت شایستە داراییەکان و مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگەکانی تەممووز و ئاب بنێرێت و لە داهاتوودا فەرمانبەرانی کوردستان هاوشێوەی بەغدا لەکاتی خۆیدا مووچە وەربگرن.
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی دادگەی باڵای فیدراڵی، بڕیارە دادگەکە رۆژی یەکشەممە، 29ـی ئەم مانگە، بۆ تاتوێکردنی سکاڵایەک کە لەلایەن عەدالەت رەحیم محەممەد، بوخاری جەمیل و حەیدەر محەممەد عوسمانەوە لە دژی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تۆمارکراوە، کۆببێتەوە.
سکاڵاکە ژمارە 224ـی فیدڕاڵیی 2023ـی هەیە، سکاڵاکان داوایان لە دادگەکە کردووە بڕیارێکی بەپەلە دەربکات بۆ ناردنی شایستە داراییەکان و و مووچەی فەرمانبەران بۆ مانگەکانی تەممووز و ئابی ساڵی 2023 و ئەو کێشەیەی کەوتووەتە نێوان هەردوو سکاڵالێکراو یەکلایی بکاتەوە کە بووەتە هۆی جێبەجێنەکردنی یاسای بودجەی گشتی ژمارە 13ـی ساڵی 2023 و پابەندیان بکات بە پێدانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان هاوشێوەی سەرجەم فەرمانبەرانی دیکەی حکومەتی عێراق.
شەوی دووشەممە، 16-10-2023، بەکر حەمەسدیق، پارێزەری کەیسەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سکاڵاکە بۆ ئەوەیە کە چیدیکە مووچە تێکەڵ بە ناکۆکییەکان نەکرێت، لە سکاڵاکەدا داوا کراوە کە پەلەبکرێت لە دابەشکردنی مووچە دواکەوتووەکان، بەشەکەی دیکەشی بۆ ئەوەیە هەردوو حکومەت پابەند بکات بە پێدانی مووچەی مووچەخۆران هاوشێوەی سەرجەم فەرمانبەرانی دیکەی عێراق، واتە داوانەکراوە مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بخرێتە سەر حکومەتی عێراق."
روونیشیکردەوە: "سکاڵاکە بۆ ئەوە تۆمارکراوە تاوەکو ئەو کێشەیە چارەسەر ببێت و گەشبینین."
دوای ئەوەی یاسای بودجەی گشتیی عێراق کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەبارەی شایستە داراییەکانی کوردستانەوە کێشە کەوتووەتە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، بەهۆی ئەو ناکۆکییە و راگرتنی هەناردەی نەوتی کوردستان بۆ زیاتر لە 200 رۆژ، مووچەی مانگی تەمموزی ئەم ساڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دوای زیاتر لە 80 رۆژ دابەشکرا، حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناوەندیش بەردەوامن لە تۆمەتبارکردنی یەکتر لەوەی هۆکاری جێبەجێنەکردنی یاسای بودجەن و پابەندییەکانیان بەرامبەر بەوی دیکە جێبەجێ ناکەن.
بەگوێرەى یاسای بودجەى گشتیى عێراق، پشکى هەرێمى کوردستان زیاتر لە 16.6 تریلیۆن دینارە لە کۆى زیاتر لە 199 ترلیۆن دینارى بودجەى عێراق.
رۆژی دووشەممە، 16ـی ئۆکتۆبەری 2023، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، نزیکەی 100 واژۆیان لە پەرلەمانی عێراق کۆکردووەتەوە و رەزامەندیی سەرۆکایەتیی پەرلەمانیان وەرگرتووە و داواکارییەکەیان رەوانەی حکومەت کراوە، بۆ ئەوەی "بابەتی مووچەی خەڵکی کوردستان لە خەرجیی کردەیی جیا بکرێتەوە و هاوشێوەی شارەکانی دیکە بخرێتە سەر خەرجیی سیادی."
16ـی تشرینى یەکەم، هونەر جەمال، گوتەبێژى وەزارەتى دارایی و ئابوورى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى رایگەیاند، ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى دارایی حکومەتى هەرێمى کوردستان لەو شاندەدا دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ