هاتووچۆی عێراق بۆ رووداو: پشکنینی مادەی هۆشبەر دەکرێتە مەرجی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری

16-11-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتووچۆی عێراق دەڵێت، ئەو کەسانەی دەیانەوێت مۆڵەتی شۆفێری وەربگرن، دەبێت پشکنینی مادەی هۆشبەر هاوپێچی مامەڵەکانیان بکەن کە دەریبخات بەکارهێنەری مادە هۆشبەرەکان نین؛ دەشڵێت، "هێشتا رێنمایی پەیوەست بەو بابەتە بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ نەنێردراوە، بەڵام بەمنزیکانە دەچێت".
 
شەوی پێنجشەممە، 16-11-2023، عەمید زیاد قەیسی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی هاتووچۆی عێراق، لەبارەی بڕیاری ناچارکردنی ئەو کەسانەی دەیانەوێت مۆڵەتی شۆفیری دەربهێنن بە هاوپێچکردنی پشکنینی مادەی هۆشبەر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیارەکە لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەرچووە، بەڵام هێشتا رێنمایی لە وەزارەتی ناوخۆەوە تایبەت بەو بابەتە رەوانەی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هاتووچۆ لە پارێزگاکانی عێراق نەکراوە. بەمنزیکانە رێنماییەکە دەردەچێت. پشکنینی مادەی هۆشبەر دەبێت بە یەکێک لە مەرجەکان بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری".
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16-11-2023، وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە راگەیێندراوێکدا رایگەیاند، "لە کۆبوونەوەی ژمارە 25ـی ساڵی 2023ـی دەستەی وەزارەت کە ئەمڕۆ کرا، بڕیاردرا کە بەڕێوەبەرایەتیی خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانی وەزارەتی ناوخۆ پشکنینی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر بۆ ئەو هاووڵاتیانە بکات کە دەیانەوێت مۆڵەتی شۆفێری دەربهێنن یان مۆڵەتی هەڵگرتنی چەکیان هەبێت".
 
جگە لەوە، بڕیاردرا بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە هزرییەکان بەردەوام بێت لە پشکنینی لەناکاوی فەرمانبەرانی وەزارەتی ناوخۆ.
 
رۆژی 25-10-2023 بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کاروباری مادەی هۆشبەرەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمساڵ 16 هەزار و 399 کەس بە تاوانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکراون، کە 9600یان سزای لەسێدارەدان و زیندانی تاهەتاییان بۆ دەرچووە.
 
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتییەکە، هەر ئەم ساڵ دەست بەسەر سێ تۆن و 528 کیلۆ مادەی هۆشبەر و 618 دەمانچە، 325 کڵاشینکۆڤ و 173 نارنجۆک و 1596 ئۆتۆمبێلدا گیراوە؛ هەروەها باس لەوە دەکات کە لە رووبەڕووبوونەوەکاندا 13 بازرگانی مادەی هۆشبەر کوژراون و 11ی دیکە بریندار بوون؛ هەروەها سێ کارمەندی هێزەکانی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر کوژراون و 23ی دیکە برینداربوون. 
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لەنێوان ساڵانی 2020 و 2022 زیاتر لە 37 هەزار بازرگان و بەکارهێنەری مادەی هۆشبەر لە عێراق دەستگیرکراون.
 

 

 

 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە