باڵیۆزى ئەمریکا لە عێراق: گرنگە دادگەیەکى سەربەخۆ هەبێت

16-11-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

باڵیۆزى ئەمەریکا لە بەغدا لەگەڵ سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریی عێراق کۆبووەوە و دەڵێت، "هەردوولا جەختمان لە گرنگى هەبوونى دادگەیەکى سەربەخۆ کردەوە کە لە بڕیارەکانیدا پشت بە دەستوور ببەستێت."
 
16ـی تشرینى دووەمى 2023، ئەلینا رۆمانۆوسکى، باڵیۆزى ئەمەریکا لە عێراق لە راگەیێندراوێکدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى ئێکس(توویتەری پێشوو) رایگەیاند، لەگەڵ فایەق زێدان، سەرۆکى ئەنجوومەنى باڵاى دادوەریى عێراق کۆبووەتەوە.
 
باڵیۆزى ئەمەریکا لە عێراق ئاماژەى بەوە داوە کە لەو کۆبوونەوەیەدا باسیان لە دوایین پێشهاتەکان و دۆخى ئەمنیی عێراق کردووە.
 
ئەلینا رۆمانۆوسکى دەڵێت، "جەختمان لە گرنگى هەبوونى دادگەیەکى سەربەخۆ کردەوە کە بەدواداچوون بۆ رێوشوێنە یاساییەکان بکات و لە بڕیارەکانیدا پشت بە دەستوور ببەستێت."
 
ئەو کۆبوونەوەیە دواى دوو رۆژ هات لە بڕیارێکى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە ئەندامێتیى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمانى عێراق.
 
بڕیارەکە ناڕەزایی حەلبووسی و بەشێکی سوننەکانی لێکەوتەوە. حەلبووسی رۆژی 15-11-2023 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا گوتی، ئەو بڕیارە لە تایبەتمەندییەکانى دادگەى باڵاى فیدراڵى نییە.
 
16ـی تشرینى دووەم، جاسم عەمیرى، سەرۆکى دادگەى باڵاى فیدراڵیى عێراق رایگەیاند، بڕیارى دادگەکەى لەبارەى هەڵوەشاندنەوەى ئەندامێتیى محەممەد حەلبووسی لە پەرلەمان لە تایبەتمەندییەکانى دادگەکەیەتی و تانەى لێنادرێت و مایەى پابەندبوونە بۆ سەرجەم دەسەڵاتەکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە