کۆمیسیۆن بۆ رووداو: ئەمڕۆ یان سبەی ئەنجامی کۆتاییی هەڵبژاردن رادەگەیێنین

16-11-2025
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، سەرجەم وێستگە ماوەکانی ژماردنی دەنگەکانی تەواو کرد و دەستی بە ژماردنی کورسییەکان و کۆتای ژنان و پێکهاتەکان کرد. گوتەبێژی کۆمیسیۆنەکەش رایگەیاند، ئەنجامەکان هاوتابوون و گۆڕانکاریی ئەوتۆ بەسەر ئەنجامەکاندا نەهاتووە و ئەمڕۆ یان سبەی ئەنجامی کۆتاییی هەڵبژاردن رادەگەیێنن.
 
جومانە غەلای، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، 16-11-2025، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کۆمیسیۆن یەکلاکردنەوەی وێستگە ماوەکان و ژماردنی دەنگەکانی تەواو کردووە و سەرجەم ئەنجامەکان بە رێژەی 100% لەگەڵ ژماردن و جیاکردنەوەکەدا هاوتابوون و گۆڕانی ئەوتۆیان بەسەردا نەهاتووە.
 
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە، 12-11-2025، کۆمیسیۆن ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنی راگەیاند. گوتەبێژی کۆمسیۆن ئاماژەی بەوە کرد، "کۆمیسیۆن ئەمڕۆ دەست بە ژماردنی کورسییەکان و کورسییەکانی کۆتای ژنان و پێکهاتەکان دەکات و ئەگەری هەیە ئەنجامە کۆتایییەکانی هەڵبژاردن ئەمڕۆ، یان سبەی رابگەیێندرێن."
 
بە گوتەی جومانە غەلای، نووسینگەکانی هەڵبژاردنی پارێزگاکان دەستیان کردووە بە پێدانی شریتی ئەنجامەکانی هەڵبژاردن بە هاوپەیمانییەتی، پارت و بەربژێرەکان.
 
رۆژی یەکشەممە، 09-11-2025، دەنگدانی تایبەت و رۆژی سێشەممە، 11-11-2025، دەنگدانی گشتیی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو. بە گوتەی گوتەبێژی کۆمیسیۆن، دوای راگەیاندنی ئەنجامە کۆتایییەکان، رۆژی دواتر کۆمیسیۆن دەرگای تانەلێدان بۆ ماوەی 3 رۆژ لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆی دەکاتەوەو دواتر بۆ ماوەی 7 رۆژی دەوام، جگە لە رۆژانی پشوو، سەرقاڵی یەکلاکردنەوەی تانەکان دەبێت.
 
جومانە غەلای، روونیکردەوە کە دواتر کۆمیسیۆن تانەکان رەوانەی دەستەی دادوەریی هەڵبژاردن دەکات، ئەویش پێویستە لە ماوەی 10 رۆژدا سەرجەم تانەکان یەکلایی بکاتەوە. دوای ئەم قۆناخە، ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ئەنجامی فەرمیی هەڵبژاردن و ناوی بەربژێرە دەرچووەکان رەوانەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق دەکات بۆ ئەوەی بە فەرمی پەسندیان بکات.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق

ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: مەترسیدارترین سەرکردەی داعش دەستگیرکرا

دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی یەکێک لە "مەترسیدارترین" سەرکردەکانی رێکخراوی داعش رادەگەیێنێت، کە پسپۆڕی تەقینەوە بووە و لە وڵاتێکی دراوسێوە گەڕاوەتەوە.