رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق رایگەیاند، هۆکارى رانەکێشانى ئەنجامى دەنگدانى تایبەت لە هەندێک لە سندووقەکان کێشە نییە و بە هۆى زۆریى دەنگدان و قورسیى گواستنەوەى زانیارییەکانە بۆ ناوەندى سەرەکیى کۆمیسیۆن لە بەغدا و بەگوێرەى یاسا ماوەى شەش کاژێریان لە بەردەستدایە بۆ راکێشانى ئەو ئەنجامانە.
16ى کانوونى یەکەمى 2023، عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: "درەنگکەوتنى راکێشانى ئەنجامى ئەلیکترۆنى جیاکردنەوە و ژماردنى دەنگەکان لە هەندێک لە سندووقەکاندا کێشەى تەکنیکى نییە و بەهۆى گواستنەوەى زانیارییەکانە بۆ ناوەندى سەرەکیى کۆمیسیۆن لە بەغدا و تاوەکو ئەو پرۆسەیە ئەنجام نەدرێت ئەنجامەکان راناکێشێت."
عمیاد جەمیل گوتیشى: "بەگوێرەى یاسا، ماوەى شەش کاژێرمان لە بەردەمدایە بۆ ئەوەى ئەنجامى ئەلیکترۆنى سندووقەکانى دەنگدان رابکێشین".
بە گوێرەى بڕگەى یەکەمى مادەى 10ى یاسای هەموارى یاسای هەڵبژاردنى پەرلەمان و ئەنجوومەنى پارێزگاکانى عێراق، ئەگەر ئامێرى دەنگدان لە ماوەى شەش کاژێردا نەیتوانى ئەنجامەکان بنێرێت بۆ ناوەندى سەرەکى، ئەو سندووقانەى دەنگدان دەگوێزرێنەوە بۆ ناوەندى وردبینى لە پارێزگاکە بۆ رودبینیکردنى و بەدەست دەنگەکانى دەژمێردرێنەوە و پشت بە ئەنجامەکانى دەبەسترێت.
16ى کانوونى یەکەمى 2023، حەسەن هادى، ئەندامى تیمى رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: ئەو ئامێرى دەنگدانانەى کە راکێشانى ئەنجامەکان تێیاندا دواکەوتووە، ئەوانەن کە زیاتر لە 150 فۆرمى دەنگدانیان تێدایە و جیاکردنەوە و ژماردنى دوا دەکەوێت، ئەوە جگە لەوەى کە فۆرمى دەنگدانى تایبەت گەورەترە لە هەمان فۆڕم کە بۆ دەنگدانى گشتى بەکاردەهێندرێت و ئەوەش جیاکردنەوە و ژماردنى قورس کردووە.
ئەمڕۆ شەممە، دەنگدانى تایبەت بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان لە عێراق ئەنجامدرا کە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس مافى دەنگدانیان هەبوو بۆ دەنگدانى تایبەت.
بڕیارە 18ى کانوونى یەکەم دەنگدانى گشتى بۆ هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکانى 15 پارێزگاى عێراق بکرێت، کە یەکەمجارە لەدواى 10 ساڵ لە 14 پارێزگا و یەکەمجاریشە لە دواى 18 ساڵ لە کەرکووک بکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ