تۆڕی چاودێریی شەمس: چەندین نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران تۆمارکراوە

16-12-2023
پەیمان محەممەد
ئامێرێکی پەنجەمۆری ئەلیکترۆنی. وێنە - رووداو
ئامێرێکی پەنجەمۆری ئەلیکترۆنی. وێنە - رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆكی تۆڕی چاودێریی شەمس بۆ هەڵبژاردن دەڵێت، تا ئێستا چەندین نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران تۆمارکراوە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ''بەشێک لە ئاوارەکان ئەو زانیارییەیان نییە کە تەنیا بە کارتی بایۆمەتریی نوێ دەتوانن دەنگ بدەن."
 
ئەمڕۆ شەممە، 16-12-2023 لە کاژێر 07:00ـی بەیانییەوە دەنگدانی تایبەت بە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەستیپێکردووە. هۆگر چەتۆ، سەرۆكی تۆڕی چاودێریی شەمس بۆ هەڵبژاردن، لەکاتی بەشداریکردنی لە بوولتەنێکی تۆڕی میدیایی رووداودا رایگەیاند، "لە بنکەکانی دەنگدان بەشێک لە ئاوارەکان زانیارییان نییە کە تەنیا بە کارتی بایۆمەتریی نوێ دەتوانن دەنگ بدەن و تائێستا لە حەوت بنکەی دەنگدان ئەم حاڵەتە تۆمارکراوە."
 
''هاوپەیمانیی تۆڕەکان و رێکخراوەکانی نیشتمانی'' کە تۆڕی چاودێریی شەمسیش لەخۆدەگرێت، لەلایەن ژمارەیەک رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنییەوە پێکهێندراوە و هەڵسەنگاندن بۆ رەوشی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن دەکەن. هۆگر چەتۆ گوتی، خاڵێکی دیکە تۆمارکراوە کە پەیوەستە بە نەزانینی شێوازی دەنگدان و ''بۆ چارەسەری ئەم بابەتەش کۆمیسیۆن رێکاری داناوە کە دەنگدەر کەسێکی نزیکی خۆی لەگەڵ بێت یان بەڕێوەبەری بنکەکە هاوکاری بکات."
 
بە گوتەی سەرۆكی تۆڕی چاودێریی شەمس بۆ هەڵبژاردن، تائێستا لە 11 بنکەی جیاواز لەسەر ئاستی عێراق، چەندین نەخوێندنەوەی پەنجەمۆر تۆمارکراون کە لە هەندێک شوێندا نەخوێندنەوەکە گەیشتووەتە زیاتر لە 5٪ـی دەنگدەرانی بنکەکە.
 
هاوپەیمانیی تۆڕەکان و رێکخراوەکانی نیشتمانی لە رێگەی 3 هەزار و 789 چاودێرەوە رووماڵی هەڵبژاردنەکە دەکەن و رۆژی 17ـی مانگ راپۆرتێک، رۆژی 18ـی مانگ چوار راپۆرت و رۆژی 19ـی مانگیش راپۆرتێک بڵاودەکەنەوە و هەڵسەنگاندنی تایبەتی خۆیان لە سەرجەم بوارەکاندا دەخەنەڕوو.
 
هۆگر چەتۆ ئەوەشی خستەڕوو، تائێستا لە بنکەکانی دەنگدان هیچ گرفتێک بۆ چاودێرەکانیان دروستنەکراوە و هاوئاهەنگیی تەواویان لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و چاودێرانی کۆمیسیۆن هەیە.
 
بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، 16 ملیۆن و 158 هەزار و 788 کەس مافی دەنگدانیان هەیە، کە 15 ملیۆن و 108 هەزار و 135 دەنگدەر دەتوانن لە رۆژی دەنگدانی گشتی و ملیۆن و 2 هەزار و 393 دەنگدەریش لە رۆژی دەنگدانی تایبەت دەنگ بدەن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە