دەریاچەیەکی عێراق بەتەواوەتی وشک دەبێت

17-04-2022
ئاسۆ فیشەگی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رایگەیاند، دەریاچەی ساوە لە پارێزگای موسەننا لە باشووری عێراق بە تەواوەتی وشک بووە، ئەمەش یەکەمجارە لە مێژووی تۆمارکراودا ئەم دەریاچە بە تەواوەتی وشکببێت.
 
عۆن زیاب، گوتەبێژی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە 17-04-2022، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دەریاچەی ساوە لە پارێزگای موسەننا لە باشووری عێراق ئەمساڵ بە تەواوەتی وشک بوو، ئەمەش یەکەمجارە لە مێژووی تۆمارکراودا ئەم دەریاچە بە تەواوەتی وشک دەبێت، هۆکاری ئەم وشکبوونە زۆر و خراپ بەکارهێنانی ئاوی ژێرزەوییە لە ناوچەی دەوروبەری دەریاچەکە، لەگەڵ کەمی بارانبارین و گۆڕانی کەشوهەوا، بەڵام ئاوی ژێرزەوی سەرچاوەی سەرەکی ئاوی دەریاچەی ساوەیە".
 
سەبارەت بەوەی ئاخۆ وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو هیچ پلانێکی هەیە بۆ زیندووکردنەوەی دەریاچەکە، عۆن زیاب گوتی: "وشکبوونی دەریاچەی ساوە کاریگەرییەکی ئەوتۆی نییە لەسەر ژیان و گوزەران لە ناوچەکە، چونکە ئاوی دەریاچەی ساوە زۆر سوێرە و بۆ هیچ شتێک بەکارناهێندرێت، تەنانەت هیچ زیندەوەرێکی تێدا ناژی و دەریاچەکە تەنیا شوێنێکی دەگمەن و تاڕادەیەک گەشتیارییە، بۆیە ئێستا پلانێکی ئەوتۆمان نییە بۆ زیندووکردنەوەی دەریاچەی ساوە".
 
درێژیی دەریاچەی ساوە نزیکەی 5 کیلۆمەتر بوو؛ پانییەکەشی نزیکەی 2 کیلۆمەتر بوو، سەرچاوە مێژووییەکان دەڵێن دەریاچەی ساوە لە پێش زایینەوە هەر هەبووە، دەریاچەکە پێش وشکبوونی نزیکەی 5 مەتر لەسەر رووی دەریاوە بەرز بوو، ئاوی دەریاچەی ساوە پێش وشکبوونی بە رێژەی هێندە و نیوێک لە ئاوی کەنداو سوێرتر بوو، بۆیە تەنیا چەند جۆرێک باڵندەی کێوی لە دەریاکە و دەوروبەریدا دەژیان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە