رووداو دیجیتاڵ
هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا مەرجێکی نوێ بۆ کشانەوەی نووری مالیکی لە بەربژێریی پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق دادەنێت، کە ئەویش رەزامەندیی دوو لەسەر سێی سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگییە؛ هاوکات گەڕێکی چڕتری کۆبوونەوەکانی ئەو هاوپەیمانییە بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسەکە دەستپێدەکاتەوە.
حوسێن مەردان، پەرلەمانتاری پێشووی دەوڵەتی یاسا، لەبارەی میکانیزمی کشانەوەی مالیکی دەڵێت: "بەئاراستەی بڕیاری چوارچێوەین ئەگەر دوو لەسەر سێیان ویستیان مالیکی بکشێتەوە بەومەرجەی ئەوان پاشە کشەی پێبکەن بە بەیاننامەی فەرمی یان لەرێگەی بڕیاردەری چوارچێوە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی بڵێن بەرێز مالیکیمان گۆڕی بە بەربژێرێکی دیکە . ئەمە میکانیزمە یاساییە دروستەکەیە، بەڵام مالیکی وەکو خۆی پاشەکشە ناکات، چونکە لەلایەن سەرکردەکانی چوار چێوەوە هەڵبژێردراوە."
دوای ئەوەی رۆژی 11ـی نیسان سەرۆککۆماری عێراق هەڵبژێردرا، سەرکردەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی رێککەوتوون کە بەر لە تەواوبوونی وادەی دەستووری، پرسی پێکهێنانی حکومەت یەکلایی بکەنەوە.
تاڵب بیزانی، پەرلەمانتاری سادیقوون، لەو بارەیەوە ئاماژە بەوە دەکات: "رێکەوتنێکی سیاسی لەنێوان چوارچێوەی هەماهەنگی هەیە لەسەر پابەندبون بە ماوە دەستورییەکە . جوڵەیەک هەیە لەلایەن هێزە شیعەکان. پێموایە لەم ماوەیەدا سەرۆکوەزیرانی داهاتوو هەڵدەبژێردرێت ."
لە ئێستادا ناو و سیڤیی بەربژێرانی کۆن و نوێ هاتوونەتەوە سەر مێزی گفتوگۆکان، بەڵام باسم بەدری یەکێکە لە ناوە هەرە دیارەکان بۆ جێگرەوەی نووری مالیکی.
پێشتر ئۆباڵی دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت دەخرایە ئەستۆی لایەنە کوردییەکان، بەڵام سەرەڕای ئەوەی چەند رۆژێکە سەرۆککۆمار هەڵبژێردراوە، کێشە و گرێکوێرەی نێوماڵی شیعەکان بەردەوامە و درێژەی هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ