حەیدەر بەرزنجی: بەربژێری سەرۆکوەزیران دەبێت 8 دەنگی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی هەبێت

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئەحمەد حەمید
ئەحمەد حەمید
حەیدەر بەرزنجی، سەرۆکی دامەزراوەی نەرامسین
حەیدەر بەرزنجی، سەرۆکی دامەزراوەی نەرامسین
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە ئەمڕۆ لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق کۆببنەوە. حەیدەر بەرزنجی، سەرۆکی دامەزراوەی نەرامسین وردەکاریی ململانێی نێو ماڵی شیعە، مەرجەکانی نووری مالیکی و چانسی سوودانی بۆ وەرگرتنی پۆستەکە ئاشکرا دەکات.
 
سەرۆکی دامەزراوەی نەرامسین، لە بووڵتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، "بڕیارە ئەمڕۆ کۆبوونەوەی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە ماڵی هومام حەموودی بەڕێوەبچێت، بەڵام ئەگەر یەکێک لە ئەندامانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی نەتوانێت بەشداری کۆبوونەوەکە بکات دەکرێت کۆبوونەوەکە دوابخرێت بۆ رۆژی شەممە."
 
میکانیزمی دەنگدان و مەرجی ئامادەبوون
 
بە گوتەی حەیدەر بەرزنجی، کۆبوونەوەکە هەستیارە و پێویستی بە ئامادەبوونی تەواوی سەرکردەکان هەیە، چونکە "دەبێ هەموو لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی ئامادەبن، 12 سەرکردەکە دەبێت لە کۆبوونەوەکە بن، چونکە تاوتوێی کشانەوەی نووری مالیکی دەکرێت."
 
سەبارەت بە شێوازی هەڵبژاردنی بەربژێری سەرۆکوەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، "هەر کەسێک 8 دەنگ لە کۆی 12 دەنگی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بهێنێت، دەبێتە بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق. تاوەکو ئێستا یەکلایی نەکراوەتەوە کێ دەتوانێت دەنگی لایەنەکان بەدەستبهێنێت." هەروەها باسی لەوەش کرد، ئەگەر هەیە "دەنگدانەکە بە نهێنی بێت و بینووسن لەسەر کاخەزێک، بۆ ئەوەی هیچ کەسیان ئیحراج نەبن."
 
مەرجەکەی مالیکی بۆ کشانەوە
 
یەکێک لە گرێکوێرەکانی کۆبوونەوەکە، کشانەوەی نووری مالیکییە لە کێبڕکێیەکە. بەرزنجی دەڵێت، "مالیکی نەکشاوەتەوە و ئامادەیە بکشێتەوە بە مەرجێک 'باسم بەدری' ببێتە بەربژێر." راشیگەیاند، "مالیکی نایەوێت سوودانی ببێتە بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگی، هەڵسوکەوتی سیاسی مالیکی ئەوەی دەرخستووە."
 
بەرەی سوودانی و بەرەی مالیکی
 
سەرۆکی دامەزراوەی نەرامسین نەخشەی هێزەکانی ناو چوارچێوەی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بەم شێوەیە دابەش کرد:
 
لایەنگرانی سوودانی، "سوودانی، عەممار حەکیم، قەیس خەزعەلی، ئەحمەد ئەسەدی و عەبادی یەکلایی بوونەتەوە." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە "هادی عامری هێشتا یەکلایی نەبووەتەوە، بەڵام وای دەبینم نزیک بێت لەوەی پشتیوانی سوودانی بکات."
 
لایەنگرانی باسم بەدری (بەرەی مالیکی)، بە گوتەی بەرزنجی، "ئەوانەی لەگەڵ مالیکین چوار کەسن؛ مالیکی، موحسین مەندەلاوی، ئەبو ئالا وەلائی و نەهجی وەتەنی." هەروەها گوتیشی، "یەکێک دەمێنێتەوە کە عامر فائیزە، دەڵێن واژۆی کردووە چونکە لێرە نییە و بە تەلەفۆن قسەیان لەگەڵ کردووە، ئەمانە واژۆیان کردووە دەنگ بۆ بەربژێرکردنی باسم بەدری بدەن."
 
ئەگەرەکان و "ڤیتۆ"
 
حەیدەر بەرزنجی پێیوایە یەکلاکردنەوەی بابەتەکە کارێکی ئاسان نییە و دەڵێت: "ئەستەمە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگی یەکلایی بکرێتەوە، هەنگاوی یەکەم تاوتوێکردن دەبێت." هەروەها پرسیاری ئەوە دەخاتەڕوو "ئایا باسم بەدری بەربژێر دەکرێت، ڤیتۆی لەسەردەبێت یانا؟ ئایا ڤیتۆی ئەمریکای لەسەر نییە؟ یان سوودانی دەتوانێت بە دەنگدانێکی نهێنی هەشت دەنگ کۆ بکاتەوە؟"
 
پشکی سوودانی ئەگەر نەبێتە سەرۆکوەزیران
 
حەیدەر بەرزنجی باسی لەوە کرد کە ئەگەر سوودانی نەبێتە سەرۆکوەزیران، داوای پشکێکی گەورە لە حکومەت دەکات و گوتی: "سوودانی 53 کورسی هەیە، ئەگەر نەبێتە سەرۆکوەزیران نیوەی پشکی وەزیرەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەبات، بەلای کەمەوە وەزارەتێکی سیادی و سێ بۆ چوار وەزارەتی تری دەبێت."
 
هەروەها ئاماژەی بە سیستەمی خاڵبەندی وەزارەتەکان کرد و رایگەیاند، "هەر وەزارەتێکی سیادی نزیکەی 18 خاڵ دەبات. ریزبەندی (آ) 15 خاڵە، (ب) 13 خاڵە و (ج) 10 خاڵە."
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نووری مالیکی

گوتەبێژی دەوڵەتی یاسا: نووری مالیکی وەک بەربژێری چوارچێوەی هاوئاهەنگی ماوەتەوە

بڕیارە کۆبوونەوەی داهاتووی چوارچێوەی هاوئاهەنگی یەکلاییکەرەوە بێت. گوتەبێژی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دەڵێ، هێشتا نووری مالیکی بەربژێرە و ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی سادیقوونیش دەڵێ، مالیکی لە دەرەوەی بابەتی بەربژێری سەرۆکوەزیرانە