رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبووەوە و باسی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کرا. هەردوولاش دیاریکردنی وادەیەک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان بە پێویست دەزانن.
رۆژی دووشەممە، 17-7-2023، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نووسینگەی خۆی لە بەغدا لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبووەوە.
بەپێی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە بەرپرسانی کۆمیسیۆن ئامادەکارییەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقیان تاوتوێکردووە، کە بڕیارە لە 18-12-2023ـی ئەمساڵ بکرێت.
لە دیدارەکەدا سەرۆکوەزیرانی عێراق پابەندبوونی کۆمیسیۆنی بە وادەی قۆناخەکانی کاری تایبەت بە ئامادەکارییەکانی بە پێویست و گرنگ زانیوە بەمەبەستی کردنی هەڵبژاردنێک کە "دادپەروەر و شەفاف و بێگەرد بێت." جەختیشی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە حکومەت ئامادەی هەموو پشتیوانییەکە و سەرجەم پێداویستییەکانی کۆمیسیۆن دەستبەردەکات.
بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەکەی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی کۆمیسیۆن لەو دیدارە "دیاریکردنی وادەیەک بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان"یان بە پێویست زانیوە.
سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێكى فه‌رميدا كه رۆژی دووشه‌ممه، 2023/7/10، به واژۆى سه‌رۆكى ديوانى سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان ئاراسته‌ى كۆمیسيۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنى عێراقی کردووە، داواى كردووه كۆمیسيۆن ئاماده‌يى نيشان بدات بۆ سه‌رپه‌رشتيكردنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان.
له نووسراوه‌كه‌ی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستاندا ئاماژه به‌وه كراوه كه به‌پێى فه‌رمانى هه‌رێميى ژماره (90) له 2023/3/26، بڕيار دراوه هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان رۆژى 2023/11/18 به‌ڕێوه‌بچێت، بۆیە داوای كردووه كۆميسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنى عێراق ئاماده‌يى نيشان بدات بۆ سه‌رپه‌رشتيكردنى هه‌ڵبژاردن له‌و رێکەوتەدا يان له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاکانی عێراق له 2023/12/18.
رۆژی سێشەممە، 30-05-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق تاوتوێی چەند سکاڵایەکی کرد کە یەکێک لەوان درێژکردنەوەی تەمەنی ئەم خولەی پەرلەمانی کوردستان بوو. دادگەکە بڕیاری دا کە درێژکردنەوەی تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان نادەستوورییە.
ئەو بڕیارەی دادگە دوای ئەوە هات کە رۆژی 9ـى تشرینى یەکەمى 2022، پەرلەمانى کوردستان بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتاران تەمەنی خولی پێنجەمی پەرلەمانى تاوەکو کۆتایی ساڵی 2023 درێژکردەوە، لە کاتێکدا خولی پێنجەم رۆژی 06-11-2022 کۆتایی هات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ