بۆ گێڕانەوەی کارەبا، عێراق بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ لە ژمارەیەک پارێزگا رادەگرێت

17-07-2023
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتى کارەباى عێراق بڕیاریدا بەرهەمهێنانی چیمەنتۆ لە باشوورى عێراق بۆ ماوەى دوو مانگ رابگرێت، ئەوەش بە مەبەستی چارەسەرکردنى کێشەی کارەبا.
 
رۆژی 16ى تەممووزى 2023، زیاد عەلى فازل، وەزیرى کارەباى عێراق لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەڤانییدا رایگەیاند، بڕیاریداوە بە راگرتنى کارگەکانى چمەنتۆ باشووری عێراق.
 
وەزیرى کارەباى عێراق ئاماژەى بەوەشدا کە ئەو بڕیارە بۆ مانگەکانى تەممووز و ئاب دەبێت و بەهۆیەوە 350 مێگاوات کارەبایان بۆ دەگەڕێتەوە.
 
لە رۆژانى ئاساییدا عێراق رۆژانە پێویستى بە 22 هەزار مێگاوات کارەبا هەیە، بەڵام لە وەرزى گەرمادا بەکارهێنانى رۆژانە دەگاتە زیاتر لە 34 هەزار مێگاوات.
 
لە کۆى 18 کارگەى چیمەنتۆى سەر بە وەزارەتى پیشەسازیى عێراق، هەشت کارگەیان لە پارێزگاکانى نێوەڕاست و باشوورى عێراقدان، ئەوە جگە لە 13 کارگەى کەرتى تایبەت.
 
رۆژی 17ى تەممووز ئامانج هەرکى، ئەندامى لیژنەى کارەبا و وزەى پەرلەمانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، بڕیارى راگرتنى کارگەکانى چیمەنتۆ بۆ دەستکەوتنى زیاترى کارەبایە لە وەرزى گەرمادا و دوو کارگەى چمەنتۆ لە بەسرەن کە بە هەردووکیان زیاتر لە 300 مێگاوات کارەبا خەرج دەکەن کە ئەوەش پێویستى بە 80 ملیۆن مەتر سێجار گاز هەیە".
 
عێراق ساڵانە زیاتر لە 32 ملیۆن تۆن چیمەنتۆ بەرهەم دەهێنێت کە بەگوێرەى وەزارەتى پیشەسازیى عێراق 65%ى ئەو بەرهەمە لەلایەن کارگەکانى کەرتى تایبەتەوە بەرهەم دەهێندرێت.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە