چیرۆکە نەبیستراوەکانی گیانلەدەستدانی 63 کەس لە ئاگرەکەی کوت

17-07-2025
زیاد ئیسماعیل
زیاد ئیسماعیل
دیمەنێکی ئاگرەکە.
دیمەنێکی ئاگرەکە.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، ساتی ئاگرکەوتنەوەی چێشتخانە و هایپەرمارکێتێکە لە کوت، لە چەند کاژێرێک پێج نهۆمی باڵاخانەکە دەبێتە خەڵووز.
 
تینی ئاگر و چڕیی دووکەڵەکە 63 گیانلەدستدان 40 برینداری لێکەوتەوە. بەهۆیەوە بۆ ماوەی سێ رۆژ ماتەمینی لە عێراق راگەیێندرا. 
 
عەلی شاکر،  شایەتحاڵ دەڵێت: "ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە هاتووە 60 چرکە ئاوی تێدانەبووە، داوای هاوکارییان لە ئاوەڕۆ و شارەوانی کردووە ئاو لە ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە بکات! ئێمە دڵمان سووتاوە لە دوێنێوە نەخەوتووین. لەسەرپێ وەستاوین گەنجەکان و خانەوادەکانمان رۆیشتن".
 
18 کەس بەهۆی زۆریی رێژەی سوتاویان نەناسراونەتەوە، خەڵک بۆ وەرگرتنەوەی تەرم و سۆراخی نادیارەکانیان لە بەردەم دادپزیشکیی واست کۆبوونەتەوە.
 
دایکی محەممەد، پووری یەکێک لە قوربانییەکان دەڵێت: "کوڕێکی گەنج بوو هێشتا بچووک بوو تازە تاقیکردنەوەکانی تەواو کردبوو، تاقانەی دایکی بوو، بەخوا تاقانە بوو هەزار جار سوپاس بۆ خودا."
 
عامر خەمیس، مامی یەکێک لە قوربانییەکان دەڵێت: "خەڵک هەیە تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنە. ناناسرێتەوە، تەنیا کەللەسەرە و ئێسکە. سوپاس بۆ خودا".
 
رووداوەکە بۆ دانیشووانی کوت دڵتەزێن بوو، بەڵام بۆ ئەم ماڵە دڵتەزێنتر، چونکە خێزانێکی پێنج کەسی بە دوو میوان و خزمەتکارێکەوە لە نێو ئاگرەکەدا گیانیان لەدەستدا.
 
عەلی موهەندس، دراوسێی ماڵی خێزانێکی قوربانی دەڵێت: "ئەو ماڵەی دراوسێمان، دکتۆرە زەینەب عەبدولحەسەن، ئەندازیار عەلی مەحموودی مێردی، دوو لە منداڵەکانیان، خەسووی، دوو منداڵی دشەکەی و خزمەتکارێکی ئەسیوپی-یش لەگەڵیان ئەو خێزانە تیاچوون".
 
یەکێک لە چیرۆکە تراژیدیاکانی ئەم رووداوە نموونەی وەفاداریی پزیشکێکی کوردە کە تاوەکو دوا هەناسە بۆ رزگارکردنی هاوڕێکەی لە نێو ئاگرەکە دەمینێتەوە، تا بەیەکەوە گیان لەدەستدەدەن.
 
حەیدەر فەیلی، خاڵی دکتۆر محەممەد فەیلی دەڵێت: "ئاگرەکە کەوتەوە محەممەد نەیتوانی برادەرەکەی جێبهێڵێت، چونکە کەمبینابوو ناچار بوو لەگەڵ خۆی بیبات بۆ ناو ئاسانسوارەکە، چونکە ناتوانێت بەپەیژە سەرکەوێت، ئاسانسوارەکە سەرکەوت بەهۆی ئاگرەکەوە کارەبا کوژایەوە. لەنێو ئاسانسوارەکە خنکان".
 
ئاگرکەوتنەوەکە نیوە شەوی چوارشەممە روویدا و تاوەکو بەرەبەیانی پێنجشممە بەردەوام بوو، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێناوە، بڕیارە لە ماوەی 48 کاژێر هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە ئاشکرابکەن. 
 
کردنەوەی دەگەی ئەم هایپەرمارکێتە بۆ خەڵکی کوت کردنەوەی دەگاری خێر نەبوو، چونکە دوای هەفتەیەک ئەم کارەساتەی لێکەوتەوە بەشێک لە کەسوکاری قوربانیان سکاڵای یاساییان لەسەر خاوەنەکەی تۆمارکردووە. پێیان وایە ئەمە بەنایاسایی رێگەی پێدراوە ئەم هایپەر مارکێتە بکاتەوە ئەگەرنا لە هەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی چۆن بە چەند کاژێرێک ئەو هەموو خەڵکە دەبوونە قوربانیی ئەم ئاگرە.
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە