لە دیالە زەوی دابەشدەکرێت و کەسوکاری شەهیدانی پێشمەرگەش دەگرێتەوە

17-08-2024
نەهرۆ محەممەد
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

زەوی بەسەر کەسوکاری شەهید و هێزە ئەمنییە بریندارەکان لە پارێزگای دیالە دابەش دەکرێت و ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگاکەش دەڵێ، کەسوکاری پێشمەرگەش دەگرێتەوە.
 
تورکی جەدعان، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە رۆژی شەممە 17-08-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەزار و 700 پارچە زەوی لە پارێزگای دیالە بەسەر کەسوکاری شەهیدان و بریندارانی سوپا و هێزە ئەمنیەکان و حەشدی شەعبی دابەش دەکرێن."
 
بەشێکی پارێزگای دیالە کوردستانییە، لەوانەش خانەقین. کورد لە ئەنجوومەنی پارێزگاکە یەک نوێنەری هەیە، ئەویش عەرەبە و سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە. ئەنجوومەنەکە لە 15 ئەندام پێکهاتووە.
 
ئەندامەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای دیالە گوتی، "زەوی لە قەزا و ناحییەکانی دیالە دابەش دەکرێ و هێزە ئەمنییەکان بێ جیاوازی سوودمەند دەبن."
 
سەبارەت بەو پێشمەرگانەی خەڵکی سنووری پارێزگای دیالەن و لە شەڕی داعش شەهید بوون، تورکی جەدعان دەڵێت، "هەر کەسێک رێنماییەکانی دابەشکردنی زەوی بیگرێتەوە، دەتوانێ لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لەو زەوییانە سوومەندبێ بە کەسوکاری شەهیدانی پێشمەرگەیشەوە."
 
هەفتەی رابردوو ئەنجوومەنەی پارێزگای دیالە بڕیاریدا میوانداری بەڕێوەبەری شارەوانی بەعقوبە و ژمارەیەک فەرمانگەی پەیوەندار بکات بۆ تاوتوێکردنی تەرخانکردنی زەوی بۆ شەهیدان و بریندارانی هێزە ئەمنییەکان، خێراکردنی پڕۆسەکە و دابەشکردنیان بەسەر کەسانی شایستەدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە