کۆمیسیۆن 253 بەربژێر دووردەخاتەوە؛ 11یان پارتی و یەکێتین

17-08-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، 253 بەربژێر بەگوێرەی بڕگەیەکی یاسای هەڵبژاردن دووردەخاتەوە، کە تایبەتە بەوانەی یاسای لێپرسینەوە و دادوەری دەیانگرێتەوە و ئەندامانی پێشووی حیزبی بەعس بوون.  14 لەو بەربژێرانە سەر بە کوتلەی سادیقوون-ن کە باڵی سیاسیی عەسائیبی ئەهلی حەقە. شەش بەربژێری یەکێتی و پێنجی پارتی لە نێو ئەو بەربژێرانەدان.
 
ناوی ئەو بەربژێرە دوورخراوانە لە لیستێکدا بوو کە ئەمڕۆ یەکشەممە 17ـی ئاب، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاوی کردەوە.
 
لەو 253 بەربژێرەی کە دوور خراونەتەوە، 6یان سەر بە لیستەکانی یەکێتیی نیشتمانیى کوردستان بوون لە نەینەوا، هەروەها پێنج بەربژێری دیکە سەر بە لیستی بەربژێرانی پارتی دیموکراتی کوردستان بوون، یەکێکیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی و چوارەکەی دیکە لە سنووری نەینەوا بوون.
 
14 بەربژێری دیکە سەر بە بزووتنەوەی سادیقوون-ن کە بە باڵی سیاسیی عەسائیبی ئەهلی حەق ناسراوە و قەیس خەزعەلی سەرۆکایەتی دەکات.
 
پێنج بەربژێری دوورخراوە سەر بە حیزبی دەعوەی ئیسلامیین کە لەنێو هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسایە و لەلایەن نووری مالیکی-یەوە سەرۆکایەتی دەکرێت.
 
10 بەربژێری دوورخراوەی دیکە سەر بە پارتی تەقەدووم-ن کە لەلایەن محەممەد حەلبووسی-یەوە سەرۆکایەتى دەکرێت.
 
رەوتی حیکمە، کە عەمار حەکیم سەرۆکایەتی دەکات، پشکی لە بەربژێرە دوورخراوەکان پێنج بەربژێر بووە، کە لەژێر چوارچێوەی هاوپەیمانیی هێزەکانی دەوڵەتی نیشتمانی بەشداری لە هەڵبژاردن دەکات.
 
بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی کۆمیسیاران بۆ دوورخستنەوەی ئەو بەربژێرانە، هۆکارەکەی پێشێلکردنی بڕگەی پێنجی مادەی 7ـی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقە.
 
ئەو بڕگەیە تایبەتە بە رێگری لە خۆبەربژێریکردنى ئەو کەسانەى یاسای لێپرسینەوە و دادوەری دەیانگرێتەوە، کە پێشتر بە ریشەکێشکردنى بەعس ناسرا بوو، مەبەست لێی ئەو کەسانەیە کە پەیوەندییان بە حیزبی بەعسەوە یان دەسەڵاتی پێشووی عێراقەوە هەبووە.
 
عیماد جەمیل، سەرۆکى تیمى رۆژنامەڤانیى کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند: دواى دوورخستنەوەى ئەو بەربژێرانە، دەکرێت لەلایەن لیستەکانیانەوە بگۆڕدرێن بە بەربژێرى دیکە. 
 
لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی بەربژێران لە چوارچێوەی رێکارەکانی یاسای هەڵبژاردنە، بەرلەوەی ئەنجوومەنی کۆمیسیاران ناوی بەربژێران پەسند بکات.
 
بڕیارە لە 10ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بکرێت. تێیدا نزیکەی 8 هەزار کەس خۆیان بەربژێر کردووە بۆ بەدەستهێنانی 329 کورسیی پەرلەمان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە