28 بەربژێری دیکەی هەڵبژاردن لەسەر پێشینەی تاوانکاری دوورخرانەوە

17-08-2025
هەستیار قادر
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق ناوی 28 بەربژێری دیکەی بڵاوکردەوە لەسەر پێشینەی تاوانکاری لە بەربژێربوون دوورخراونەتەوە. هاوپەیمانیى دەوڵەتى یاسا و رێکخراوى بەدر پشکى شێرى دوورخراوەکانیان بەرکەوتووە. 

پەسەندکردنی بڕیاری دوورخستنەوەی ئەو بەربژێرانە لە سێ بڕیاری جیاوازی ئەنجوومەنی کۆمیسیاراندا بوو کە ئەمڕۆ، 17ـی ئابی 2025 بڵاوکرایەوە.
 
هەریەک لە هاوپەیمانیی بەدر بە سەرکردایەتیی هادی عامری و دەوڵەتی یاسا بە سەرکردایەتیی نووری مالیکی، یەکى سێ بەربژێریان دوورخراونەتەوە.
 
هەریەک لە هاوپەیمانیی سادیقوون، کە باڵی سیاسیی عەسائیبی ئەهلی هەقە بە سەرۆکایەتیی قەیس خەزعەلی، هاوپەیمانیی حقووق کە سەر بە کەتیبەکانی حیزبوڵڵایە، لەگەڵ هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان کە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیران سەرۆکیەتی دەکات، یەکى دوو بەربژێریان بە هەمان هۆکار دوورخراونەتەوە.
 
موهەنەد سەراج، ئەندامی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، بە رووداوی راگەیاند: "ئەو بەربژێرانە لە قۆناخی وردبینی لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە دوورخراونەتەوە."
 
بەگوێرەی بڕیارەکانى کۆمیسیۆن، ئەو بەربژێرانە، بەهۆی سەرپێچیکردنیان لە بڕگەی سێی مادەی حەوتی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان، دوورخراونەتەوە.
 
ئەو بڕگەیە تایبەتە بە دوورخستنەوەی ئەو کەسانە لە بەربژێربوون کە پێشینەی تاوانکارییان هەیە بەگوێرەی 8 مادەی یاسای سزادانی عێراقی، کە تاوانی ئابڕووبەری، گەندەڵی، تیرۆر و تاوانی دارایی دەگرێتەوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە