پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە لە پەرلەمانی عێراق دەخرێتە دەنگدانەوە

17-09-2023
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بڕیارە لە کۆبوونەوەی سبەی دووشەممە 18ی ئەیلوولی پەرلەمانی عێراقدا پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بخرێتە دەنگدانەوە. ئەندامێکی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکانی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "چاوەڕوان دەکرێت پڕۆژەیاساکە پەسند بکرێت و دوای واژۆکردنی لەلایەن سەرۆککۆمارەوە و بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی، حکومەت داوا لە وەزارەتەکان بکات رێکارەکان بۆ جێبەجێکردنی بگرنەبەر."
 
بەپێی خشتەی کۆبوونەوەکانی بۆ رۆژی دووشەممە 18ی ئەیلوولی 2023، پەرلەمانی عێراق خوێندنەوە بۆ چوار رەشنووسی یاسا و دەنگدان لەسەر دوو پڕۆژەیاسا دەکات؛ یەکێکیان دەنگدانە لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە.
 
رۆژی یەکشەممە 17-09-2023 کوردە عومەر، ئەندامی لیژنەی هەرێم و پارێزگاکانی پەرلەمانی عێراق لەبارەی کۆبوونەوەکەی سبەینێی پەرلەمان و دەنگدان لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بڕیارە سبەی پەرلەمان بۆ ژمارەیەک پڕۆژەیاسا کە بەشێکیان خوێندنەوەی یەکەم و بەشێکیان خوێندنەوەی دووەمیان بۆ کراوە، لەگەڵ پەسندکردنی دوو پڕۆژەیاسا کۆببێتەوە؛ یەکێکیان پڕۆژەیاسای بەپارێزگاکردنی هەڵەبجەیە."
 
کوردە عومەر گوتی، "دوای پەسندکردنی، چاوەڕوان دەکرێت یاساکە لە ماوەی کەمتر لە مانگێکدا بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە، ئەوەش دوای ئەوەی دەگاتە سەرۆکایەتیی کۆمار و لە رۆژنامەی وەقائیعی عێراقی بڵاودەکرێتەوە. حکومەتی عێراقیش رێکارەکان بۆ جێبەجێکردنی دەگرێتەبەر و داوا لە وەزارەت و فەرمانگەکان دەکات لە پرسی بودجە و کردنەوەی دامەزراوەکان جێبەجێی بکەن."
 
بڕیاربوو لە کۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممە 14ی ئەیلوولی 2023ی پەرلەمانی عێراق، دەنگ لەسەر پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە بدرێت، بەڵام بە پاساوی تەواونەبوونی ژمارەی ئامادەبووان دانیشتنەکە نەکرا و بۆ رۆژی دووشەممە 18ی ئەیلوول دواخرا.
 
رۆژی 24ی کانوونی دووەمی 2013 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی هەرێمی کوردستان نێوەڕۆکی پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجەی بە نووسراوی ژمارە 12034 ئاراستەی نووری مالیکی، سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق کرد، بەڵام ناکۆکیی نێوان شیعەکان و سوننەکان بووە هۆکار بۆ ئەوەی هەڵەبجە نەبێتە پارێزگایەکی نوێ.
 
هەڵەبجە لە کۆنترین قەزاکانە؛ لە سەردەمی عوسمانییەکاندا و پێش دامەزراندنی دەوڵەتی ئێستای عێراق، لە ساڵی 1889 کراوەتە قەزا و وەسمان پاشای جافی هاوژینی عادیلە خانم، یەکەم قایمقامی قەزاکە بووە.
 
ژمارەی دانیشتووانی هەڵەبجە زیاتر لە 135 هەزار کەسە؛ پارێزگاکە لە قەزایەک و چوار ناحیە پێکهاتووە؛ قەزای ناوەندی هەڵەبجە و ناحیەکانی خورماڵ، بیارە، بەمۆ و سیروان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیناری عێراقی جۆری 10 هەزار دیناری. وێنە: بڵند تاهیر- رووداو

کارکردن بە یاسای بودجەى عێراق رادەگیرێت

لە ساڵی نوێوە کارکردن بە دەقەکانی یاسای بودجەی گشتیی عێراق رادەگیرێت و خەرجکردنی پارەش بۆ هەندێک لە پڕۆژەکان بەستراوە بە دەستبەربوونی پارە. ئەندامێکی لیژنەی دارایی خولی پێنجەم دەڵێت، ئەم رێکارە ئاماژەیە بۆ بوونی کێشەی نەختینە.