رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی پلاندانانی عێراق دەڵێت، 720 کۆمپانیا خراونەتە لیستی رەشەوە کە ماوەکەی دوو ساڵ دەبێت و پۆلێنەکەشیان دادەبەزێت.
عەبدولزەهرە هینداوی، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە 17ی ئەیلوولی 2025 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "720 کۆمپانیا خراونەتە لیستی رەشەوە. ژمارەکە لە لیستەکەدا جێگیر نییە و گۆڕانکاریی بەسەردا دێ. کۆمپانیای دیکەی بۆ زیاد و کەم دەکرێت."
ماوەی مانەوە لە لیستەکەدا دوو ساڵە و لە رۆژی دەرچوونی بڕیارەکەوە دەستپێدەکات. گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق گوتیشی، دواتر بە داواکارییەکی فەرمی و پاش جێبەجێکردنی سەرجەم مەرج و رێنوێنییەکان و خۆڕاستکردنەوە، کۆمپانیاکە لە لیستەکە دەردەهێندرێت.
بە گوتەی عەبدولزەهرە هینداوی، هەر کۆمپانیایەک بخرێتە لیستی رەشەوە سزا دەدرێ، لەوانەش پلەبەندیی پۆلێنی کۆمپانیاکە دادەبەزێندرێت. بۆ نموونە، ئەگەر لە پلەی پێنج بێت، بۆ پلەی 6 دادەبەزێت. ئەم دابەزینە واتای ئەوەیە کۆمپانیاکە توانای کێبڕکێی بۆ وەرگرتنی پڕۆژە و بەڵێندەرایەتیی لە ئاستی پلەی پێنجەم نامێنێت، بۆیە ئەو کاتە تەنیا دەتوانێ کێبڕکێ لەسەر ئەو پڕۆژانە بکات کە بۆ پلەی شەش دیاریکراون.
سەبارەت بە میکانیزمی خستنە لیستی رەشەوە، گوتەبێژی وەزارەتی پلاندانانی عێراق گوتی، کۆمەڵێک رێکار و وردبینی هەن و لێکۆڵینەوە لە هەموو وردەکاری و هۆکارەکان دەکرێ؛ ئەمەش دوای ئەوەی داواکارییەک لەلایەن خاوەنی پڕۆژەکەوە کە لایەنێکی حکومییە، پێشکێش دەکرێت. دوای لێکۆڵینەوەیەکی ورد و تێروتەسەل لەوەی ئایا کۆمپانیاکە شایستەی خستنە لیستی رەشەوەیە، بڕیاری لەبارەوە دەدرێ و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان ئاگاداردەکرێنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ