رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا چوار گرووپی چەکداری سەر بە حەشدی شەعبی خستە لیستی تیرۆر و وەکو "رێکخراوی تیرۆریستیی بیانی" ناساندوونی. وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش دەڵێت، بەردەوام دەبن لە سیاسەتی ئەوپەڕی گوشار لە دژی ئێران.
رۆژی چوارشەممە 17ـی ئەیلوولی 2025 مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، "ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوە گرووپە میلیشیاکانی بزووتنەوەی نوجەبا، کەتائیبی سەیید شوهەدا، بزووتنەوەی ئەنساروڵڵا ئەوفیا و کەتائیبی ئیمام عەلیی عێراقی نزیک لە ئێران دەخاتە لیستی رێکخراوە تیرۆریستییە دەرەکییەکانەوە".
مارکۆ روبیۆ گوتی، "ئێران بەردەوامە لە پێشکێشکردنی هاوکاری کە یارمەتیی ئەو گرووپانە دەدات پلان بۆ هێرش لە سەرانسەری عێراق دابڕێژن و کارئاسانی بۆ هێرشەکان بکەن یان جێبەجێیان بکەن".
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوە کرد، وڵاتەکەی سوود لە هەموو ئامرازەکان وەردەگرێ بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە گرێدراوەکانی بە ئاسایشی نیشتمانییەوە. گوتیشی، "گرووپە میلیشیاکانی نزیک لە ئێران هێرشیانکردووەتە سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و ئەو بنکانەی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تێیاندا دەمێننەوە".
بە گوێرەی میدیای ئەمریکا، لە تشرینی یەکەمی 2023ـوە، گرووپەکانی نزیک لە ئێران لانیکەم 204 هێرشیانکردووەتە سەر بنکە سەربازی و دامەزراوەکانی ئەمریکا لە عێراق، سووریا و ئوردن.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بڕیارەکەی ئەمڕۆیان پاڵپشتییە بۆ بڕیارەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ سەپاندنی زۆرترین گوشار لەسەر ئێران بەمەبەستی راگرتنی سەرچاوەکانی دارایی ئێران و ئەو گرووپ و هاوبەشانەی پاڵپشتییان دەکات.
20ـی کانوونی دووەمی ئەم ساڵ، دۆناڵد ترەمپ سوێندی یاسایی خوارد. لەو کاتەوە ئەو رایگەیاندووە، هەموو رێکارێک لە دژی ئێران دەگرێتەبەر بۆ ئەوەی نەبێتە خاوەن چەکی ئەتۆمی.
پێش جەنگی ئێران و ئیسرائیل لە حوزەیرانی ئەم ساڵ، ئێران خاوەن سەروو 400 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێندراو بوو. لە کاتی جەنگەکەدا واشنتن هێرشیکردە سەر بنکە ئەتۆمیەکانی ئێران و تاوەکو ئێستا چارەنووسی ئەو یۆرانیۆمە و بنکەکان دوای بۆردوومانەکە روون نەکراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ